سەردێڕ:

نرخی ئایفۆن لە هەندێک ناوچەی جیهان دادەبەزێت

نرخی ئایفۆن لە هەندێک ناوچەی جیهان دادەبەزێت
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-30

6150 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ بەدووری نەزانی نرخی بەرهەمەکانی ئایفۆن لە هەندێک ناوچە نزمبکرێنەوە، لە کاتێکدا کە فرۆشی ئایفۆن کەمیکردووە.


بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ بەدووری نەزانی نرخی بەرهەمەکانی ئایفۆن لە هەندێک ناوچە نزمبکرێنەوە، لە کاتێکدا کە فرۆشی ئایفۆن کەمیکردووە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی، لەڕێگەی داهاتی موبایلی ئایفۆنەوە بەشی زۆری قازانجی کۆمپانیای ئەپڵ دابیندەکرێت و بەهۆی بەرزی نرخی موبایلەکەشەوە ١٥%ی قازانجی کۆمپانیاکە دابەزیوە.

بەشێوەیەکی گشتی داهاتی کۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی ڕابردووەوە ٥% دابەزیوە و گەیشتووەتە ٨٤ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

کۆمپانیای ئەپڵیش سەرەتای ئەم مانگە سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە ئاگاداریداوەتە وەبەرهێنەران و ڕایگەیاندووە کە داهاتەکەیان کەمتربووە لەوەی کە چاوەڕوانیان دەکرد.

ئەپڵ یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەی کۆمپانیاکەی بۆ لاوازبوونی ئابووری چین گەڕاندووەتەوە.

بەڵام تیم کوک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش ڕایگەیاندووە کە بەکارهێنەرانیش کێشەیان لەگەڵ بەرزیی نرخی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە هەیە.

وتوشیەتی، بەهێزی بەهای دۆلاریش وایکردووە بەرهەمەکانی ئەپڵ بەراورد بە بەرهەمی کۆمپانیاکانی دیکە گرانتربێت و ئەوەش زیانی بە داهاتی کۆمپانیاکە گەیاندووە.

کوک دەڵێت، ئەپڵ لەم مانگەدا دەستیکردووە بە گۆڕینی نرخی موبایلەکان لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، بەڵام ئاماژەی بەو وڵاتانە نەکرد.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ متمانەی خۆی بەرامبەر بە کۆمپانیاکەی نیشاندا و سەرنجی خستە سەر ئەوەی بەرهەمەکانی ئایپاد و ماکس فرۆشێکی زۆریان هەبووە و خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکە زیادکراوە، دەشڵێت کەمتر لە ١%ی قازانجی کۆمپانیاکە کەمیکردووە و گەیشتووەتە ١٩ ملیار و ٩٧٠ ملیۆن دۆلار.

ش.ق