سەردێڕ:

چەقی گەردوون کوێیە؟

فۆتۆ: 
2018-05-25

6257 جار خوێندراوەتەوە

شەوێکی ساماڵ لە ئاسمان و ئەستێرەکان بڕوانن، لە هەموو لایەک ئەستێرەکان دەبینن و هەست دەکەن ئێوە لە چەقی گەردووندان، بەڵام ئایا بە ڕاست وایە؟ چەقی گەردوون کوێیە؟


شەوێکی ساماڵ لە ئاسمان و ئەستێرەکان بڕوانن، لە هەموو لایەک ئەستێرەکان دەبینن و هەست دەکەن ئێوە لە چەقی گەردووندان، بەڵام ئایا بە ڕاست وایە؟ چەقی گەردوون کوێیە؟

لە ڕاستیدا گەردوون چەقێکی نییە،  لە ١٣.٧ ملیارد ساڵ لەمەوبەرەوە لەو کاتەوە کە بیگ بەنگ ڕوویداوە، گەردوون لە هەڵاوسان و گەورەبووندایە، لە ڕاستیدا بیگ بەنگ تەقینەوەیەک نەبووە کە لە خاڵێکەوە دەست پێبکات و گەورە ببێت. سەرەتا گەردوون زۆر پەستێوراو و بچووک بووە پاشان هەر بەشێکی گەردوون وەکوو یەک هەڵاوساوە و گەورە بووە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە، بۆ ئەوەی کە ئەو شتە وێنا بکەین، مێروویەک لەبەر چاو بگرن کە لەسەر ڕووبەری باڵۆنێک دەژی کە گۆیەکی تەواوە، لە ڕوانگەی ئەو مێرووەوە هەموو خاڵێک لەسەر ڕووبەری باڵۆنەکە وەکوو یەکە، چەقێک و ناوەندێک لەسەر ڕووبەری گۆیەکە و کەنارێکیش بوونی نییە.

ئەگەر باڵۆنەکە هەڵبئاوسێت مێرووەکە تەنیا ئەو گەردوونە دوو ڕەهەندییە دەبینێت کە لەسەری دەژێیت، ئەگەر چەند خاڵ لەسەر ڕووبەری باڵۆنەکە بکێشنەوە لەگەڵ هەڵاوسانی باڵۆنەکە خاڵەکان لە یەکتر دوور دەکەونەوە، ڕێک بەو شێوەیەی کە گەلەستێرەکان لە گەردووندا لە یەکتر دوور دەکەونەوە.

بۆ مێروویەک کە لەسەر ڕووبەری باڵۆنەکە دەژێیت، ڕەهەندێکی سێهەم لە چەقی باڵۆنەکەوە بۆ ڕووبەر واتایەکی نییە، گەردوون شێوازێکی سێ ڕەهەندی لە گەردوونە دوو ڕەهەندییەکەی مێرووەکەیە، بەڵام ڕووبەری باڵۆنەکە سنووردارە و جیهانێکی سنووردار ساز دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گەردوونناسان هێشتا دڵنیا نین کە گەردوونی ئێمەش سنووردار بێت.

ئەگەر گەردوون بە شێوەیەکی دوو ڕەهەندی وێنا بکەن دەتوانن وەک تۆپە قوماشێکی لوولکراو سەیری بکەین کە تەواو نابێت، یان بۆ شێوەی سێ ڕەهەندییەکەی وەکوو نان کشمیشی (جۆرێکە لە شیرینی ئێرانی) لەبەر چاوی بگرن کە هەر گەورە دەبێت و دەنکە کشمیشەکان وەک گەلەستێرەکانی ناو گەردوون وان کە لە یەکتر دوور دەکەونەوە. ئەوەی کە زەوی تەختە یان چەماوەیە پەیوەندی بە کۆی گشتی بارستایی و وزەی ناو گەردوون هەیە، لە هەر کام لەو دوو حاڵەتەدا، دیسانەوە گەردوون چەق و ناوەندێکی نییە و ئەوەش لەگەڵ ئەو بنەمایە لە گەردوونناسیدا یەک دەگرێتەوە کە هیچ شوێنێکی تایبەت لە گیتیدا بوونی نییە.

ئەگەر سەردەمانێک مرۆڤ پێیان وا بووە کە خۆی چەقی گەردوونە، یان زەوی یان خۆر یان تەنانەت ڕێگای شیری چەقی گەردوونە هەڵەیەک بووە و گەردوون شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت!

ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی هۆژانەوە وەرگیراوە.

ش.ق