سەردێڕ:

پلەی گەرما لەم ناوچانەی عێراق دەگاتە ٥٠ پلە

فۆتۆ: 
2021-06-28

3683 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسێکی عێراق رایگەیاند، پلەکانی گەرما بەردەوامە لەبەرزبونەوە و لە رۆژانی داهاتوودا ٥٠ پلەی سیلیزی تێپەڕدەکات. هاوکات، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داوای لەحکومەتی فیدڕاڵی کرد کاتی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەمتر بکاتەوە.


سادق عەتییه کەشناسی عێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، بەدرێژایی ئەم هەفتە یە پلەکانی گەرما لە بەرزبونەوەدایە بەجۆرێک پلەی کوڵان تێپەردەکات کە سەروی ٥٠ پلەی سیلیزییە  بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوری عێراق .

عەتییە ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ئەو وێنانەی کە بە مانگی دەستکرد گیراوە، دەریدەخەن ، پەڵە هەورێکی زۆر بەسەر ئاسمانی شارەکانی بەسڕە و میسان وزیقار وچەند ناوچەیەک لە باشوری عێراق بڵاودەبێتەوە، هەوایەکی زۆر گەرم وشێداری لەگەڵ خۆی هێناوە.

کەشناسە عێراقییەکە وتیشی:"ئەم شەپۆلەی گەرما لە ئێوارەی پێنج شەممەی داهاتوو ڕوو لە دابەزین دەکات و لە ڕۆژی هەینیدا کۆتایی پێ دێت".

هاوکات کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماوە داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کرد کاتی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەم بکاتەوە.

هۆکاری داواکەشیان بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان گەڕاندەوە، لە ئێستادا ئەم کارە پێویستیەکی گرنگە بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان.

 بەپێی ئامارەکانی کەشناسی هەرێم، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی رۆژی یەکشەممە لە خانەقین بووە کە ٥٠ پلەی سیلیزی بووە، نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران بووە و ٣٣ پلە بووە.