ئەمڕۆ یەکشەممە هەریەک لە شاری بەسرە و عەممارەی عێراق بەرزترین پلەی گەرمیان بە زیاتر لە ٤٩ پلەی سیلیزی تێدا تۆمارکرا، لە وڵاتی کوەیتیش پێنج شار لە نێوان ٤٩.١ بۆ ٥٠.٢ پلەی سیلیزی بەرزترین پلەی گەرمیان تۆمارکرد.
ماڵپەڕی El Dorado Weatherی تایبەت بە هەواڵی کەشناسی لە جیهاندا بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی ئەمڕۆی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە لە شاری بەسرە لە باشوری عێراق ٤٩.٣ پلەی سیلیزی و لە شاری عەممارەش بەرزترین پلەی گەرما ٤٩.٢ پلەی سیلیزی بووە.
لە وڵاتی کوەیت بەرزترین پلەی گەرما لە شاری جەهرا تۆمارکراوە کە ٥٠.٢ پلەی سیلیزی بووە و لەشەش شاری دیکەی ئەو وڵاتە پلەکانی گەرما لە نێوان ٤٩.١ بۆ ٤٩.٤ پلەی سیلیزی تۆمار کراون.
بەگوێرەی ئەو لیستەی ماڵپەڕی El Dorado Weather لەبارەی ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرمایان تێدا تۆمارکراوە، بریتین لە: شارەکانی ئەنبار و فاو لە عێراق کە ٤٨.٤ پلەی سیلیزی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت ٤٨.٨ پلە و شاری کوەیتی پایتەخت و سابریە و بەسرە-حسێن تێیاندا ٤٨.٦ پلەی سیلیزیان تۆمارکردووە.
هەر بەگوێرەی لیستەکە، شاری عەبادان لە ئێران ٤٩ پلە و شاری ئەهوازیش ٤٨.٨ پلەی سیلیزیان تۆمار کردووە.