سەردێڕ:

فڕۆکەی چێشتلێنەرە تایبەتییەکەی پوتین لەبەرلین چی دەکات؟

فۆتۆ: 
2021-06-19

3762 جار خوێندراوەتەوە

(یەگفینی پریگوزین)ی چێشتلێنەرە تایبەتەکەی ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی روسیا کە یەکێکە لەو کەسانەی لەناو لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادایە، لە ئێستادا فڕۆکەکەی کە بە (چێشتخانەی ڤلادمێر پوتین) ناسراوە لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیایە.


پریگوزینی تەمەن ٦٠ ساڵ لە ماوەی رابردوودا تەنها رۆڵی ئەوە نەبووە لەگەڵ سەرۆکەکانی روسیادا بێت و هاوڕێی گەشتەکانیان بێت، بەڵکو بەرپرس بووە لە ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی حکومەتی روسیا، کە بووەتە جێی رەخنەی توندی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

پریگوزین، کە لەناو لیستی سزا و ئابڵوقەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادایە و رێگەی نەدراوە بچێتە سنووری زەمینی و ئاسمانی وڵاتانی ئەوروپا، لەئێستادا فڕۆکەکەی بەمەبەستی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی بەشە سەرەکییەکانی لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیایە.

ئەمریکا یەگڤینی پریگۆزینی بەوە تۆمەتبارکردووە بەشداری لە هەوڵەکانی دەستێوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی ئەمریکادا کردووە.

ئەو چێشتلینەرە روسیە، کە بە "دڵی پوتین" ناسراوە لەبەرئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ خاوەنی چێشتخانەیەکی پێشکەوتوو بووە لەشاری سانت پترسبۆرگ و تیایدا سەرۆکی روسیا زۆربەی کات سەردانی ئەو چێشتخانەی کردووە و خواردنی ئەو چێشتخانەیەی خواردووە، ئەمەش وایکرد دواتر ئەم چێشتلێنەرە راستەوخۆ خواردن و خواردەمەنی پێشکەشی سەرۆکایەتی روسیا بکات.