ماوەی مانگێک دەبێت سکچوون و رشانەوە لە هەرێمدا بڵاوبووەتەوە و پزیشکانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکەن خۆیان لە خواردنی خراپبوو و کۆنبوو بە دوور بگرن، پزیشکێکی پسپۆریش لە نەخۆشییەکانی منداڵاندا شێوازەکانی خۆپارێزی لەو حاڵەت دەخاتەڕوو.
رۆژان نەبەز محەمەد پسپۆر لە نەخۆشییەکانی منداڵاندا لە بابەتێکیدا بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستادا حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە لەناو منداڵان و گەورەکاندا بڵاوبووەتەوە و هەموو ساڵێکیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما هۆکارەکانی زیاتر دەبن.
ئەو پزیشکە دەڵێت، خۆپاراستن لەم حاڵەتە کارێکی ئاسانە، بەم جۆرە:
١.گرنگیدان بە دەست شووشتن و پاک و خاوێنی کەل و پەلی بەر دەستی رۆژانە.
٢.کەمترین بەرکەوتنی منداڵەکانتان بە هۆکارەکانی دەرەوە کە گومانی ناخاوینی لێدەکرێت.
٣. دوورکەوتنەوە لە ئامێزگرتن و ماچکردنی کۆرپەکانتان، بەتایبەت کاتێک لە دەرەوەیت و دەگەرێیتەوە ماڵەوە تا دەست و دەموچاوت نە شۆیت.
٤.پاکراگرتنی توالێتەکان.
٥.کوڵاندنی ئاوی بەلوعە بۆ ماوەی ١٠ خولەک.
٦.جوان شتنەوەی سەوزە ومیوە و خستنیە ناو ئاو و خوێ بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک.
ئەو پزیشکە دەڵێت، زۆر جار دایک و باوکەکان دەڵێن، "نەچووین بۆ هیچ شوێنێک و خواردنی دەرەوەشمان نەخواردووە نازانین منداڵەکە چۆن توش بوو؟" یان دەڵێن، بە هەوای سپلیت و پانکە وای لێهات، کە ئەمەش هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێنانەوەی میکرۆب زۆرە لەوانە، "دەکرێت بە دەستەوە، کلیلەوە، مۆبایلەوە بێت" کە دەدرێتە دەست مناڵ و دەیبات بۆ دەمی، یان ماچکردنی نزیک لە دەمی منداڵ کە کارێکی نا تەندروستە.
لە هۆکارەکانی توشببوون بە پەتاکەدا نووسیویەتی:
-خواردنی دەرەوە، خراپ هەڵگرتنی خواردنی ماڵەوە یان گەرمکردنەوەی خواردن دوای دەرهێنان لە بەفرگرە زیاد لە جارێک.
-شەربەت و جبس و ئایسکریمی دوکانەکان لە پلەی گەرمی نەشیاودا هەڵدەگیرێن، بەشێکی خواردنەکان ماوەیەکی زۆر لەبەر خۆر دەمێننەوە و بەسەر دەچن.
هاوکات، لەبارەی مەترسیدارترین گرفتی پەتای سکچوون و رشانەوە لە مناڵاندا و بەتایبەت منداڵی تەمەنی خوار پێنج ساڵ دەڵێت، وشکبوونەوە مەتریسدارترین گرفتە، هەر بۆیە پێویستە دایکان و باوکان بەوردی ئاگاداری بن و نیشانەکانیشی بریتین لە:
١.سەرەتای نەخۆشیەکە، منداڵەکە زیاتر لە جاران داوای ئاو ئەکات، زوو زوو تینوی دەبێت.
٢.کەمتر لە جاران میز دەکات.
٣.ناو دەم و زمانی وشک هەڵدەگەڕێت.
٤.چاوی بە قوڵا دەچێت، فرمێسکی نامێنێت.
٥.ئەگەر وشکبوونەوە زیادیکرد منداڵەکە توانای شیر و ئاو خواردنەوە و نان خواردنی کەم دەبێتەوە.
٦.هەناسەی خێرا دەبێت.
٧.هۆشی تێکدەچێت، زیاتر یان کەمتر دەخەوێت و زیاتر بە ئاگایە وەک لە جاران.
لە بارەی کاتی پێویستبوون بە سەردانیکردنی پزیشک، ئەو پسپۆرەی بواری منداڵان ئاماژەی بەوەدا، دۆخەکە بەند نییە لەسەر ژمارەی جارەکانی رشانەوە و سکچون، بەڵکو ئەوەی زۆر گرنگە تەمەنی منداڵەکە و بوون و نەبوونی نیشانەکانی وشکبوونەوەیە و پێویستە لەم کاتانەدا سەردانی پزیشک بکرێت:
١- سکچون و رشانەوە لە مناڵی خوار تەمەن شەش مانگ.
٢- ئەگەر مناڵەکە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە (وەک نەخۆشی شەکرە، دڵ، گورچیلە).
٣- بوونی نیشانەکانی وشکبوونەوە.
٤- بوونی خوێن لەناو پیسایی یان رشانەوەکەی.
٥- ئازاری توندی سک.
٦- بوونی تای بەرز. (٣٨ پلە و زیاتر بۆ تەمەنی خوار سێ مانگ، ٣٩ پلە و زیاتر بۆ سەرو سێ مانگ).
٧- رشانەوەی بەردەوام کە سود لە خواردن و خواردنەوە وەرنەگرێت.
٨- هەر سکچونێک زیاتر لە سێ رۆژ یان رشانەوە زیاتر لە دوو رۆژی خایاند.
داواش دەکات، کە هیچ کەسێک بەبێ رێنمایی پزیشک و پشکنینی پیسای شروبی ئیلتیهاباتی وەک فلاجیل بەکار نەهێنێت.
دەڵێت، زۆرینەی حاڵەتەکان لە ماوەی پێنج بۆ حەوت رۆژدا بەرەو باشی دەچن، تەنها پێویستی بە زیادکردنی خواردنەوەی شلەمەنیەکان و بەردەوامبوونە لە پێدانی ئەو شیرەی کە منداڵ دەیخوات، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازیەکان و شەربەت.
ک. ئـ
هـ.ئـ