ئەلیکسەندەر یفدۆکیمۆڤ پزیشکی روسی و پسپۆڕی دەمارەخانەکان ئاشکرایکردووە، خواردنی دەرمانە ئازارشکێنەکان لە کاتی ژانەسەردا مەترسیدارن و ئەگەری مردنی لێدەکەوێتەوە.
ئەو پزیشکە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک لە نیشانەی نەخۆشییەکان سوکن بەڵام مەترسی بۆ سەر ژیان دروست دەکەن، وتوویەتی "دەرکەوتنی ژانەسەر لە هەندێک کاتدا نیشانەی ئاگادارکەرەوەی توشبوونە بە جەڵتەی مێشک، لەکاتی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و تەسکبوونەوەی بۆریەکانی خوێن ژانەسەر ڕوودەدات، ئەگەر لەم حاڵەتەدا کەسێک بۆ نەمانی ئازاری سەری دەرمانی ئازارشکێنی خوارد ئەوا سزایەکی قورسی دەبێت کە ڕەنگە کۆتاییەکەی مردن بێت".
ئەو پزیشکە ئەوەی خستووەتە روو، ئاگاداریی خواردنە دەرمان ئازاشکێنەکانبن لە کاتی دروستبوونی ژانەسەردا، چونکە ئازارەکە ناهێڵێت بەڵام گەشەی نەخۆشییەکە زیاتر دەبێت و تەشەنە دەسەنێت، هەروەک دەڵێت "ڕەنگە ئەو کاتەمان لەدەستبچێت کە بەدەرمان بتوانین نەخۆشییەکە چارەسەر بکەین".
ئەو پزیشکە هۆشداریی بە خەڵکی دەدات، لەکاتی هەستکردن بە ژانەسەرێکی توند و ناسروشتی کە پیشتر کەسەکە ئەو جۆرە ژانەسەرەی نەبووبێت، گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆ ئەوەی دواتر زیانەکەی خراپتر نەبێت و باجی پشتگوێخستنەکەی نەدات.
لەکۆتایدا ڕوونیکردووەتەوە، ڕەنگە زۆرکات ژانەسەر بەهۆی ماندوێتی زۆر یان لاژانەسەر و شەقیقەوە ڕووبدات.
