سەردێڕ:

منداڵێکی حەوت ساڵان خێزانەکەی لە خنکان رزگار دەکات

فۆتۆ: 
2021-06-01

5998 جار خوێندراوەتەوە

لە ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ دوای کاتژمێرێک مانەوە و مەلەکردن لە ناو روباری سانت جۆنز توانی باوکی و خوشکە بچوکەکەی رزگار بکات.


ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤن پۆستی باوک و چیس پۆستی کوڕی و ئەبیگیڵی کچی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و مەلەکردن چونەتە روباری  سانت جۆنز، بەڵام شەپۆلی روبارەکە چەند کیلۆمەترێک لە بەلەمەکەیانی دوردەخاتەوە.

ئەگەرچی ئەبیگیڵ جلی مەلەکردنی لەبەربووە، بەڵام بە هۆی بچوکییەوە باوکی هەوڵدەدات رزگاری بکات، شەپۆلی روبارەکە هەردووکیان لە بەلەمەکەیان دوردەخاتەوە.

هاوکات، ستیڤنی باوک داوا لە کوڕەکەی دەکات بە ئاراستەی کەناری روبارەکە مەلەبکات. دەشڵێت، "پێم وتن خۆشم ئەوێن، بەڵام نەشمئەزانی چی رودەدات، هەوڵمدا بیانگرمەوە، بەڵام شەپۆلی ئاوەکە کچەکەمی لێ دورخستمەوە".

 چیس پۆستی تەمەن حەوت ساڵ لە ماوەی کاتژمێرێکدا بەمەلەکردن خۆی دەگەیەنێتە کەناری روبارەکە و داوای هاوکاری لەو ماڵانەدەکات کەنزیک بوون لە روبارەکەوە، ئەوانیش دەست بەجێ تیمەکانی فریاکەوتن ئاگاداردەکەنەوە و لە ماوەیەکی کەمدا توانیان باوک و کچەکە رزگار بکەن.

ئەم چیرۆکە لە ئێستادا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "چیس پۆست"ی تەمەن حەوت ساڵی بە خەڵک ناساندووە و بە "پاڵەوانەکە" ناسراوە.