سەردێڕ:

کەشناسێکی عێراقی پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2021-05-25

17579 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسێکی عێراقی رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە رەشەبا و هەورە بروسکە لە پێنج پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی و باشوری هەولێر و نەینەوا و چەند ناوچەیەکی دیالە دەستی پێکردووە و بەدرێژایی ئەمڕۆ چالاک دەبێت. هاوکات، دەشڵێت، "بە گوێرەی ئاماژەکان لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، حسێن ئەسەدی کەشناسی عێراقی رایگەیاند، "خشتەکانی کەشوهەوا ئاماژەبەوەدەکەن کە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی و باشوری هەولێر و کەرکوک و نەینەوا و بەشێک لە دیالە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری رەشەبا و هەوروبروسکەیەکی چالاکەوە".

راشیگەیاند، "پێشبینیەکان ئەوە دەردەخەن کە ناجێگیری کەشوهەوا لە ئەمڕۆدا بەگشتی و بە تایبەتی لە شارەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و بەشێک لە خۆرئاوای سەڵاحەدین و باکوری دیالەش بەردەوامدەبێت".

لەبارەی کەشوهەوای باشوری عێراقەوە دەڵێت، ئەگەر هەیە ئاسمانی ناوچەکانی باشوری وڵات هەوربێت و بروسکەشی لەگەڵدابێت، بەڵام ئەگەرێکی لاوازە.

هاوکات، لەبارەی گۆڕانی پلەکانی گەرما لەمڕۆ و رۆژانی داهاتوودا حسێن ئەسەدی وتیشی، "بەدرێژایی ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە، بەڵام بەگوێرەی پێشبینیەکان لە رۆژی پێنجشەممەوە وردە وردە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە".

ئەوەشی ئاشکراکرد، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی گەرما دەست پێدەکاتەوە.