لەنوێترین دۆزینەوەی شوێنەواریدا، لە وێستگەی 'حەیدەر پاشا'ی مێژوویی لە شاری ئەستەنبوڵ، شوێنەوارێکی مێژوویی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ دوو هەزار و ٤٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، بەگوێرەی شارەزایانی شوێنەوارناسی؛ شوێنەوارەکە، پەرستگایەک یان مۆنۆمێنتێکی سەردەمی کۆن بووە.
لەبارەی ناوچە شوێنەوارییەکەشەوە، محەمەد عەلی پۆلات سەرۆکی تیمی گەڕان و پشکنینی شوێنەوارناسی وێستگەی حەیدەر پاشا باسی لەوەکردووە، شوێنەوارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی 'هێڵینیستیک' و لەکاتی گەڕان وپشکنینێکی تیمەکانی هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و گەشتیاریدا دۆزراوەتەوە.
سەرۆکی تیمە شوێنەوارییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنەوارەکە ناوچەیەکی فراوان دەگرێتەوە، بەجۆرێک پێویستە ٣٥٠ هەزار مەتری چوارگۆشە لەو ناوچەیەدا گەڕان و پشکنینی تێدا بکرێت، چونکە بەگوێرەی پێشبینییەکانیان رووبەرێکی زۆر دەگرێتەوە.
محەمەد عەلی باسی لەوەشکردووە، ناوچەکە پێکهاتووە لە مۆنۆمێنتێک کە بەکۆنترین باڵەخانەی شوێنەکە دادەنرێت و، زۆرێکیش لەو پێکهاتە و ماددانەی بەکارهاتوون مێژووەکەیان بۆ سەردەمی سێ و چواری زاینی دەگەڕێتەوە. هاوکات، ژمارەیەک پارچە و دراوی ئاسن کە مێژووەکەیان بۆ سەدەکانی پێنج تا حەوتی زانین دەگەڕێتەوە.