فۆتۆ:
2021-05-12
3399 جار خوێندراوەتەوە
کۆمپانیای فەیسبووکی خاوەنداری واتسئەپ بۆ چاتکردن رایگەیاند، لە ١٥ی ئایارەوە ھەر بەکارھێنەرێک مەرجەنوێیەکانی ئەپەکە قەبوڵنەکات ئەوا ناتوانێت بەردەوامبێت لەبەکارھێنانی ئەو ئەپە، دەشڵێت، " نوێکردنەوەکە زانیاری روون و شەفاف لەخۆی دەگرێت لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوە و بەکارھێنانی زانیاری کەسی بەکارھێنەرەوە".
لەم قۆناغەدا کاتێک بەکارھێنەر پەڕەی سەرەکی ئەپەکە دەکاتەوە ناچاردەکرێن پەنجە لەسەر دوگمەی قەبوڵکردن داگرن تا بتوانن پابەندی مەرجەنوێیەکانبن و بەردەوامبن لەبەکارھێنانی ئەپەکە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەک ئەو بەکارھێنەرانەی مەرجە نوێیەکانی واستئەپیان قەبوڵنەکردووە دەتوانن پەیوەندیکردن و نامەگۆڕینەوە بەکاربھێنن.
ھاوکات، کۆمپانیای فەیسبووک ھۆشداریدایە بەکارھێنەرانی کە ئەو ھەفتانەی وەک مۆڵەت دراونەتە بەکارھێنانی واستەئەپ چەند ھەفتەیەکی کەمن و تایبەتمەندێتییەکانیشی سنوردارن، ھەربۆیە پاش تەواوبوونی ماوەکە ئەگەر بەکارھێنەر مەرجەکان وەرنەگرێت ئەوا راستەوخۆ بەکارھێنانی ئەپەکە لە پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی و نامەگۆڕینەوەکانیان دەوەستێت.
بەگوێرەی رێنماییەکان، لەم قۆناغەدا بەکارھێنەر تەنھا دوو بژاردەی لەبەردەمدا دەبێت یان مەرجەکان وەردەگرێت یان بەتەواوەتی ئەپەکەی لەکاردەکەوێت و مافی بەشداریکردن و بەکارھێنانی نامێنێت.
پێشتر و لەمانگی شوباتدا نوێکردنەوەی مەرجەکانی بەکارھێنانی ئەپی واتسئەپی بڵاوکردەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر لە بەکارھێنانی ناچارکرد ئەپەکانی "سیگناڵ" و "تێلیگرام" وەک جێگرەوەی واستئەپ بەکارھێنن لەترسی ئەوەی مەرجە نوێیەکان کاریگەری ھەبێت بابەتە کەسی و تایبەتەکانیان.
ھاوکات، بەکارھێنەران ترسی ئەوەیان ھەیە مافی خوێندنەوەی نامەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانیان لە فەیسبووکیش بگرێتەوە، چونکە فەیسبووک ھەڵمەتێکی بانگەشەی دەستپێکرد تیایدا مەرجە نوێیەکانی بڵاوکردەوە کە کاریگەریان لەسەر بەکارھێنەرانی دەبێت لەسەر گۆڕینەوەی نامەکانیان بۆ کۆمپانیاکانی دیکە لە رێگەی واستئەپەوە.
ئەمە لەکاتێدایە، لە ١٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کۆمپانیای واتسئەپ بڕیاری راگرتنی سیاسەتەکانی لەبارەی پاراستن و ھەڵگرتنی زانیاری و داتای بەکارھێنەرانیەوە تا ١٥ی ئایار راگەیاند.