سەردێڕ:

چۆن لەرووی تەندروستیەوە خۆمان بۆ جەژن ئامادەبکەین؟

فۆتۆ: 
2021-05-10

2509 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی مانگی رەمەزان کۆتایی دێت و ژەمەکانی خواردن بەتایبەت لە رۆژانی جەژن ئاسایی دەبنەوە و دەبن بە سێ ژەم، پێویستە خواردنەکان تەندروست بن و پێنج گروپی خۆراکی تەندروستی وەکو سەوزە و میوە و شیرەمەنی و پڕۆتین و کاربۆهایدرەیتی تێدابێت.


شارەزیانی بواری خۆراك رایانگەیاندووە، پێویستە بڕی خۆراکەکان لە ژەمەکاندا زۆرنەبێت بۆ ئاسانکردنی کرداری هەرس، هاوکات، ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن، سەوزە لەگەڵ خواردنی ژەمەکاندا بخورێت بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڤیتامین و کانزاکان و ئاسانکاریکردنی هەرسکردنی خۆراك.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەوزە باڵانسی ڤیتامین و کانزاکانی ناو جەستە رادەگرن و دەیپارێزن لە کۆلیستڕۆڵ ماددە زیانبەخشەکان.

باسیان لەوەشکردووە، پێویستە بڕێک کالسیۆم لەرێگەی خواردنی شیرەمەنیەکانی وەکو ماست و پەنیرەوە وەربگیرێت بۆ پاراستنی تەندروستی ئێسقانەکان.

ئاشکراشیانکردووە، دەبێت خەڵک لەرۆژدا ئاوی پێویست بخۆنەوە بۆ خۆبەدوورگرتن لە وشکبوونەوە و رۆژانە نزیکەی هەشت بۆ ١٢ کوپ ئاو لە چەند کاتێکی جیاوازدا بخورێتەوە.

راشیانگەیاند، رێژەی شەکر و شیرینی زۆر کەم بخورێت لە رۆژانی جەژندا، چونکە خواردنی شیرینی جەستە تێکدەدات و بڕێکی زۆری ئەنسۆلینی پێویست دەبێت.

دەشڵێن، پێویستە رۆژانە بۆ ماوەی زیاتر لەنیو کاتژمێر رێبکەین بۆ پاراستنی کێشی جەستە.

ساڵانە موسوڵمانان بەپێی ساڵی کۆچی مانگی رەمەزانیان هەیە و لەو مانگەدا بەرۆژوو دەبن، دوابەدوای مانگی رەمەزانیش سێ رۆژی جەژن دێت، کە پزیشکان پێیان وایە دەبێت لە جەژندا خۆراک بە بڕێکی زۆر نەخورێت و لەسەرخۆ جەستە بە خواردنەکان رابهێنرێتەوە.