وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هۆڵەندا حەوت پارچە شوێنەواری رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، باڵیۆزخانەی عێراق لەلاهای لە هۆڵەندا، حەوت پارچە شوێنەواری لەلایەن هۆڵەنداوە رادەستکراوەتەوە.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو پارچە شوێنەوارانە لەلایەن لیژنەی زانیاریی و شوێنەواری وڵاتی هۆڵەنداوە پارێزگاری لێ کراوە.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، گروپی چەکداری داعش لە عێراق سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی کەمدا دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق و سوریادا گرت، لەوماوەیەشدا، لە ئاکامی کردە و چالاکییە چەکدارییەکانی ئەو رێکخراوەوە، بەشێکی زۆری شوێنەوار و پاشـاوەی سەردەمی کۆنی ژیانیی عێراقییەکان لە زۆرێک لەو ناوچانەی کە داعش کۆنتڕۆڵی کرد خاپوور بوو، بەتایبەتیش شاری موسڵ.