خواردنەوەی شەربەت لە کاتی ڕۆژووشکاندا بۆ ئەو کەسانەی گرفتی تەندروستییان نییە، بڕی شەکر و شلەمەنی بۆ جەستەیان دابین دەبێت، بە مەرجێک شەربەتەکە سروشتی وفرێش بێت، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە تەندروست نییە.
ماڵپەڕی جەزیرە لەو بارەیەوە نوسیوویەتی، لە شەربەتدا بڕی ١١٠ بۆ ١٦٠ کالۆری تێدایە و شەکری ناوی برەکەی ٢٠ بۆ ٢٥ گرامە و پرۆتین وماددەی ڕیشاڵی ناوی ٠.٥ گرامە، زیاتر بە ڤیتامین سی دەوڵەمەندە، هەربۆیە ڕۆژوەوانان کاتێک دەیخۆنەوە جەستەیان بە خێرایی شەکر و کالۆریی و وزە وەردەگرێت، بەهۆی بەتاڵی گەدەوە شەکرەکە لە ماوەیەکی کەمدا جەستە دەیمژێت.
هەربۆیە باشترە یەک پەرداخ شەربەت بخورێتەوە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی جەستەیەکی تەندروستن، بەڵام بۆ کەسانی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە نەگونجاوە، چونکە بە خێرایی ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز دەکاتەوە، باشترە لەبری ئەوە گوشراوی تەماتە یان شەربەتێک خۆیان ئامادەی بکەن و شەکری تێدا نەبێت بخۆنەوە.
شەربەت سوکە و وزە بە جەستە دەبەخشێت و بەخێرای نابێتەهۆی زیادبوونی هەستی تێریی، هەر ئەمەش وایکردووە ئارەزووی خواردن زیاتر بکات کە هۆکارە بۆ زیادبوونی کێشی جەستە، بەومانایەش ئەو کەسانەی گرفتی کێشی زیادەیان هەیە نابێت بیخۆنەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکانی پێشتر، هەر کوپێک لە شەربەتی میوەکان بڕەکەی ٢٤٠ میلیلیترە، ئەگەر هەموو ڕۆژێک ئەو بڕە بۆ ماوەی چوار ساڵ بخورێتەوە بڕی ٠.٢ بۆ ٠.٣ کیلۆگرام لە کێش زیاد دەکەن، لەهەمان کاتیشدا شەکرەکەی دەبێتەهۆی کلۆربوونی ددان.
لەگەڵ ئەوەشدا خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە دەستکردەکان هیچ سوودێک بە جەستە ناگەیەنن، جگە لەوەی تەنیا کالۆری زیاتر دەبەخشن بە جەستە.