سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: کۆرۆنا پێش ٢٥ هەزار ساڵ دەرکەوتووە

فۆتۆ: 
2021-05-05

7327 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی لایف سایەنس، توێژینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای کردووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنە و پێش ٢٥ هەزار ساڵ دەرکەوتووە و باوانی دانیشتوانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ئاسیا ڤارۆسەکەیان گرتووە.


دەیڤد ئینارد سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە و مامۆستای یاریدەدەر لە ژینگەناسی و پەرەسەندن لە زانکۆی ئەریزۆنا رایگەیاند، پێش هەزاران ساڵ مرۆڤایەتی روبەڕوی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکان بووەتەوە.

راشیگەیاند، ڤایرۆسەکان یەکێک بوون لە داینەمۆی سەرەکییەکانی پەرەسەندنی جیناتی مرۆڤ، جینەکان دەتوانن مرۆڤ لە نەخۆشییەکان بپارێزن، بەڵام ئەگەری گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو زیاتر دەکات.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەونەوانەی سەربە بەرەچەڵەکی باوانی خۆرهەڵاتی ئاسیان لە شریتی بۆماوەییاندا "هەڵبژاردن و گواسنتەوە" رویداوە کە لەگەڵ جیناتی ڤایرۆسی کۆرۆنا کارلێکی کردووە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، چەند گۆڕانێکی دووبارە بووەی بەردەوام لە ڤایرۆسەکەدا روویداوە، پێشبیندەکرێت ئەم گۆڕانکارییانەی لە ڤایرۆسەکاندا روویداوە وای لە باوانی ئەو نەوانە کردووە بەرگرییەکی بەهێز دروستبکەن و بتوانن بژین.

توێژەران شیکاریان بۆ ٤٢ پرۆتین لە ناو ٤٢٠ پرۆتیندا کردووە کە چەندینجار گۆڕانکارییان تێدا روویداوە دەرکەوتووە نزیکەی ٢٥ هەزار ساڵە ئەم گۆڕانکارییە هەبوون و تا پێنج هەزار ساڵ بەردەوام بووە و بووەتە هەڕەشە لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.

گۆیڵ ویرسم مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا رایگەیاند، ڤایرۆسەکان بەهێزترین فشار بەکاردەهێنن تا بتوانن خۆیان لەگەڵ مرۆڤدا بگونجێنن، هەر بۆیە پێشبیندەکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا پێش بوونی مرۆڤیش بووبێت.

دەشڵێت، ئەمە تا ئێستا بابەتێکی تیۆرییە و لە روی زانستییەوە نەسەلمێنراوە و پشتراست نەکراوەتەوە.

هاوکات، ژمارەیەک توێژەری دیکە گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە پێش ٢٥ هەزار ساڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو پەتایەی لەو سەردەمەدا توشی مرۆڤایەتی بووە.

تیمی توێژینەوەکە هیواخوازن بتوانن لە رێگەی ئەم توێژینەوەیەوە پێشبینی توشببونی مرۆڤایەتی بە پەتای دیکە بکەن و ببێتە زەنگێکی هۆشیارکەرەوە لەبارەی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای نوێ لە داهاتوودا.