ئۆتۆمبێلێکی گولەنەبڕ لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هەوڵی دزینی دەدرێت و شۆفێر و سەرنشینەکەی دەستڕێژی گولە دەکرێن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "دەیلی مەیل"، ئۆتۆمبێلێکی گولە نەبڕ لە " South Africa" کە دوو پاسەوانی تایبەتی تێدایە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلی ترەوە هەوڵی دزینی دەدرێت و دەسترێژی گولە کراوە، بەڵام دوو پاسەوانەکە دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن و شکست بە هێرشەکەیان دەهێنن.
یەکێک لەو دوو پاسەوانە پۆلیسێکی خانەنشینی تەمەن ٤٨ ساڵە بەناوی "لیۆ پرینسێلۆ"، لەگەڵ هاوکارەکەی سەرقاڵی گواستنەوەی شمەکێکی گرانبەها بوون بە ئۆتۆمبێلە گولە نەبڕەکەیان کە (Toyota Land Cruiser)ە ، کاتێک گروپێکی چەکدار بە دوو ئۆتۆمبێل هێرش دەکەنە سەریان و نزیکی ٣٠ فیشەک بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە دەنێن، بەڵام بەهۆی لێهاتووی لیۆوە سەرکەوتوو نابن و هەر بە زووی دەکشێنەوە.
لیۆ پێشتر لە تیمی نیشانەشکێنی پۆلیس بووە و کەسێکی راهێنراو و شارەزایە، گرتە ڤیدیۆی هێرشەکە کە بە کامێرای سەر داشبۆردی ئۆتۆمبێلەکە گیراوە و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە، سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و زۆر کەس لیۆ بە پاڵەوانێکی هێمن و ئارامگر وەسف دەکەن.
لیۆ لەبارەی ڕووداوەکەوە بۆ دەیلی مەیل قسەی کرد و وتی "من و هاوکارەکەم تەنها ئەوەمان کردوە کە لێمان چاوەڕی دەکرا، ئەوان دەیانویست بمانکوژن تا بتوانن بە ئاسانی ئۆتۆمبێلەکەمان لێبەرن بەڵام من نەمهێشت ئەوە ڕووبدات، بەداخەوە چانسی ئەوەم نەبوو وەڵامی تەقەکانیان بدەمەوە."
Brigadier Vish Naidoo وتەبێژی پۆلیس وتی "شۆفێرەکە زۆر بەباشی کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە و رێگری لە چەکدارەکان کردووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو کەیسە دەستگیر نەکراوە."
