عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نیوەشەوی رەمەزاندا باسی لە چەند بابەتێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی کرد و وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە.
لە بەرنامەکەدا، عەلی باپیر رایگەیاند، "کەسێک کە لەمانگی رەمەزاندا نوێژ و رۆژوو دەگرێت و مانگەکانی تر نایکات رۆژو و نوێژەکەی قبوڵە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کوفر و شەریک پەیداکردن بۆ خوای گەورە لێ خۆشبونی نییە"، دەشڵێت، "هەر کەسێک بە ئەنقەست کەسێک بکوژێت لێخۆشبونی نییە لەلایەن خوا و گەورەترین سزا دەدرێت."
عەلی باپیر دەشڵێت، "هەندێک لە زانایان دەڵێن ئەوانەی کە نوێژ نەکەن لە بازنەی ئیسلام ناچنە دەرەوە"، وتووشیەتی، "ئەو ئافرەتانەی مێردەکانیان نوێژ ناکەن نابێت لێیان جیاببنەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "سزای زیناکردن لێدانی ۱۰۰ قامچییە نەک کوشتنی ئەوی پاش ئەوەی ٤ کەس شاهیدی بدەن کە زینای کردووە."
باسی لەوەشکردووە، "ماچ کردن و لەباوەش گرتنی ئافرەت و پیاو زینا نییە و قامچی لە ئەنجامدەرانی نادرێت بەڵکو سزادەدرێت لەلایەن خوای گەورەوە"، وتووشیەتی، "پۆشاکی شەرعی ئافرەت داپۆشینی سەرجەم جەستەی ئافرەتە جگە لە دەموچاو و دەستی."
عەلی باپیر راشیگەیاندووە، "پەچەکردن لە ئایینی ئیسلام نییە و کلتوری هەندێک وڵاتە، چونکە شەرع ئافرەتی پابەند نەکردووە بە پۆشینی پەچە و عەبا."
روونیشیکردووەتەوە، "ئەو ئافرەتانەی کە دەچنە تەمەنەوە و جێی سەرنج نین بۆ پیاوان و توانای زەواجیان نییە حیجابیان لەسەر واجب نییە."