پەیمانگای گەردونناسی میسری ئاشکرایکرد، مانگی شەوال بەتەواوەتی لە کاتژمێر نۆی شەوی ١٢ی مانگی ئایاری داهاتوو نوێدەبێتەوە و بەوەش مانگی رەمەزان ٣٠ رۆژ دەبێت و جەژن دەکەوێتە رێکەوتی ١٣ی ئایاری ئەمساڵ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جاد قازی، پەیمانگای گەردونناسی میسری رایگەیاند، مانگی شەوال لەشەوی ١٢ی ئایاردا بەدیدەکرێت و رۆژی دواتر دەبێتە جەژنی رەمەزان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ کە ١٤٤٢ی کۆچییە، ٣٥٥ رۆژە و کۆتا رۆژی ئەمساڵ لە ١٠ی مانگی ئابدایە.
رۆژژمێری کۆچی کە تایبەتە بە مسوڵمانان، بەپێی نوێبوونەوە و دەرکەوتنی مانگ، مانگەکانی ساڵ دیاریدەکرێت کە لە لایەن عومەری کوڕی خەتاب، جێنشینی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) داهێنراوە.
مانگەکانى ساڵنامەى کۆچی جیاواز لە ساڵنامەى زایینى، ساڵانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و هەر مانگێک نزیکەى ١٠ رۆژ پێش دەکەوێت بە بەراورد بە ساڵى پێشوو، بەجۆرێک هەموو مانگەکان دەتوانرێت لەگەڵ هەموو وەزرەکاندا هاوکات بێت و لەو چوارچێوەیەشدا مانگى رەمەزان هەر چەند ساڵ جارێک لەگەڵ وەرزێکدا دێت.