سەردێڕ:

هۆکاری هەستکردن بە سەرما و تەزین لە جەستەدا چییە؟

فۆتۆ: 
2021-04-27

4158 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک کەس بە شێوەیەکی ئاسایی و بە بەردەوامی هەست بە سەرما و تەزینی جەستەیان دەکەن تەنانەت لەو ڕۆژانەشدا کە کەشووهەوا مامناوەندە یاخود گەرمە، ئەمەش بێ هۆکار نیە.


د. ھەڤین کەمال شاە محەمەد ، ئەندامی پرۆفیشناڵی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازارشکاندن لە بڵاوکراوەیەکدا لە پێگەی تایبەتی خۆی باسی هۆکارەکانی هەست کرد بە سەرما و تەزینی جەستە دەکات:

٢کەم خوێنی: بەتایبەتی لە دەست و قاچەکاندا، ئەوەش بەھۆی کەمی خڕۆکە سورەکانی خوێنەوە کە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ بەشەکانی جەستە.

٢سستی غودەی دەرەقی: کاتێک کە ھۆرمۆنی تایروکسین کەم دەڕێژرێت ئەمە دەبێتە ھۆی ھەستیاری بەرامبەر سەرما، لەگەڵیدا ئازاری جومگەکان، قەبزی، وشک بونەوەی پێست، زیادبوونی کێش.

٣نەخۆشی ڕاینۆد: بریتییە لە نەخۆشیەکی بۆری خوێن، تیایدا بۆری خوێنەکان ھەستیار دەبن بەرامبەر سەرما و سترێس و گرژ دەبن و خوێن بە باشی ناگەیەنن بە پەلەکان، ھەر لەبەرئەوە پەنجەکانی دەست و قاچ شین ھەڵدەگەرێن و سارد و سڕ دەبن، ئەم حاڵەتە لەوانەیە چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.

٤نەخۆشیەکانی گورچیلە: نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێن کاریگەریەکی خراپیان لەسەر گورچیلەکان هەیە و کارەکانیان تێکدەدەن و دەبنە ھۆی کۆبوونەوەی پاشەڕۆ لە جەستەدا کە ئەمەش دەبێتە ھۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە.

٥نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو: لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا دەمارەکان سست دەبن و تێک دەشکێن بەھۆی بەرزی ئاستی شەکرەوە، لەبەرئەوە کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکرەکە زۆر گرنگە، جگە لەوەی ئەم نەخۆشانە لەوانەیە کەم خوێنی و نەخۆشی گورچیلەشیان ھەبێت.

٦نەخۆشی خوێنبەرەکانی پەلەکان یاخود ھەوکردنیان: لەکاتێکدا دەبێت خوێنبەرەکان لە پەلەکاندا دەگیرێن یاخود ھەودەکەن، ئەمە زیاتر لە یەک قاچدا ڕوودەدات واتە ھەست بە ساردی و سڕی و بێ ھێزی دەکەیت لە لایەکدا و لاکەی تری پلەی گەرماکەی ئاسایی دەبێت.

٧ئەنڕوکسیا نیرفۆساڵ: ئەم نەخۆشانە دەگەنە بارێکی دەروونی کە پێیان وایە کێشیان زۆر زۆرە، هەربۆیە دەگەنە ئەو ڕادەیەی بە ھیچ شێوەیەک خواردن ناخۆن بۆ ئەوەی جەستەیان هیچ کالۆریەک وەرنەگرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی لاوازبوونیان بەشێوەیەکی ترسناک، بەهۆی کەمبوونەوەی چەوری جەستەیانەوە، ھەستکردنیان بە سەرما زیاددەکات، ئەمەش دۆخێکی ترسناکە و دەبێت بەزوویی چارەسەربکرێت.

٨ھەڵامەت یاخود فلو: بەھۆی ڤایرۆسەوە توشمان دەبێت، کاریگەری ھەیە لەسەر ھەموو جەستە وەک: لوت تەڕبوون و ئازاری قوڕگ وکۆکە و ئازاری سەر و ئازاری ماسولکە و ھەست کردن بە تا و بە لەرزیش.

٩تێکشکاندنی دەمارەکان لە پەلەکاندا: لەم حاڵەتەدا ھەست بە سەرما دەکەیت لەپەلەکاندا بەڵام بە دەست لێدان سارد نیە، ڕوودەدات لەکاتی بەرکەوتنی زەبر بە دەمارەکان و برینداربونیان، یاخود ھەندێک نەخۆشی وەکو شەکرە، نەخۆشی جگەر و گورچیلە یان کەمی ڤیتامینەکان یاخود ھەوکردنی دەمارەکان .

١٠کەمی ڤیتامین B12

١١کەمی ماددەی ئاسن لە جەستەدا: گەر بەھۆی کەم خوێنیەوە بێت یاخود خوێن بەربوونەوە بێت یاخود کەمی ھەڵمژینی بێت لە گەدەدا، باشترین سەرچاوە بۆ زیاد کردنی ماددەی ئاسن، خواردنی گۆشتی سورە .

١٢سستی کارکردنی ڕژێنی پیتیوتەری: کە کەمی دەردانی ئەو ھۆرمۆنانەی لەم ڕژێنەوە دەردەچن دەبێتە ھۆی ھەستکردنی بەردەوام بە سەرما و گەرم نەبوونەوە، کەم خوێنی، کەمبونەوەی کێش، کەم خۆراکی.

١٣دەرمان: بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان دەبێتە ھۆی ھەست کردن بە سەرما وەک کاریگەرێکی لاوەکی دەرمانەکە بۆ نموونە: وەک ئیندیراڵ یاخود بێتا بلۆکەرەکان کە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن بەکاردێن.

١٤- خواردنەوە ئەلکھولیەکان: لەوانەیە لە پێشدا ھەستی گەرمکردنەوە ببەخشێت، بەڵام لەبەرئەوەی دەبێتە ھۆی کشانی مولولەکانی خوێن لەژێر پێستدا، خوێن لە مێشکەوە و لە سەنتەرەوە زیاتر دێت بۆ پەلەکان ئەمەش دەبێتە ھۆی دابەزینی پلەی گەرمی جەستە بە گشتی ھەروەھا ئەلکھول کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ئەو بەشەی مێشک کە پلەی گەرما ڕێک دەخات ئەمەش لە وەرزە ساردەکاندا کاریگەرییەکی خراپی ھەیە بۆ زیاتر دابەزینی پلەی گەرمای جەستە.