رۆژنامەیەکی ئیتاڵی یەکێك لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەیەکی بە "شای ونبوو" ناوبردووە، کە بۆماوەی ١٥ ساڵ بە بەردەوامی موچەکەی وەرگرتووە تەنانەت بەبێ ئەوەی هیچ کارێك بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیان ئاماژە بەوەکراوە، کۆی ئەو موچەیەی کە ئەو کارمەندە وەریگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ کارێك بکات گەیشتووە بە ٥٣٨ هەزار یۆرۆ.
ئەم کارمەندە ئیتاڵییە کە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە بۆ نەچوونە سەرکار، یەکێکە لە ستافەکانی نەخۆشخانەیەك لە شاری کاتانزارۆ لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە.
ئەو کارمەندە تەمەنی ٦٧ ساڵە، رووبەڕووی کێشە و گرفت بووەتەوە و ناچاربووە بچێتە بەردەمی دادوەر، چەندین تۆمەتی خراوەتە پاڵ لەوانەش خراپ بەکارهێنانی پیشەکەی، ساختەکاری و بەکارهێنان، هەروەها لێکۆڵینەوە لەگەڵ شەش بەرپرسدا دەکرێت کە چاوپۆشییان لەو ساختە کارییە کردووە.
ئەو کەیسەش تووڕەبوونی لێبووەتەوە، چونکە ئەو کارمەندە چەندین ساڵە موچە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی هیچ کارێكی کردبێت.