بەشێکی زۆری رۆژووەوانان لەمانگی رەمەزاندا و لەگەڵ کارکردنیاندا هەست بە ماندوێتییەکی زۆر دەکەن، هۆکاری ئەمەش بریتییە لەوەی ژەمی پارشێو ناخۆن و بەدرێژایی رۆژەکە تووشی تینوێتی و برسییەتی دەبن.
لە بابەتێکدا ماڵپەڕی "سکای نیوز" ئاماژەی بەوەکردوە، پسپۆڕانی بواری خواردن کۆکن لەسەر ئەوەی هیچ کەسێكی رۆژووەوان ناتوانێت بەدرێژایی رۆژەکە لەبەیانییەوە تا ئێوارە پارێزگاری لە وزەی جەستەی بکات، بەڵام دەتوانن ئەو زیانانە کەمبکەنەوە و وزەی جەستەتان بهێڵنەوە، نهێنی ئەمەش تەنها بریتییە لەو خواردنانەی کە لە پارشێودا دەیخۆن.
ژەمی پارشێو لەم مانگەدا زۆر گرنگە، چونکە وزەی تەواو بە جەستە دەبەخشێت بۆیە نابێت پشتگوێ بخرێت، دەبێت لەم ژەمەدا دوو خاڵ بە هەند وەربگیرێت، ئەویش کاتی خواردنی ژەمەکە و ئەو خواردنانەی کە دەیخۆن.
دەبێت ژەمی پارشێو کاتژمێرێك بەر لە بانگی بەیانی بخۆن، بۆئەوەی بتوانن بەباشی خواردنەکە بجون و دووربکەونەوە لە ئاوسانی سك.
لەڕووی خواردنیشەوە دەبێت ئەو خواردنانەی کە هەڵیدەبژێرن هاوسەنگ بێت، لە هەموو جۆرەکان بخۆن وەك، نان و دانەوێڵە و پەتاتە و پاقلەمەنییەکان وەك، نۆك و نیسك و مەعکەرۆنی، لەگەڵ میوە جیاوازەکانی وەك مۆز.
هەروەها چەرەزات گرنگە وەك گوێز و بادەم چونکە ئاستێکی زۆر پرۆتین و کالۆری و ئۆمیگا3 و ڤیتامین B و مەگنیسیۆمی تێدایە.
بۆ کەمکردنەوەی تینوێتیش دەبێت ئاوی میوە بخۆنەوە، لەگەڵ سەوزە و سوپی جۆ و زەڵاتە کە پێکهاتبێت لە تەماتە و خەیار.