توێژینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرایکردووە، رۆژانە ئەنجامدانی وەرزش بەشێوەیەکی رێک وپێک هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی بەرگرییەکی باش لەجەستدا، بەمەش دەبێتە هۆی زوچاکبوونەوە لە کۆرۆنا و مەترسی گیانلەدەستدان کەمدەکاتەوە.
گۆڤاری بریتش جۆڕناڵ ئۆف سپۆرتس مێدیسن نوێترین توێژینەوەی بڵاوکردەوە کە لە ئەمریکا لەسەر ٥٠ هەزار توشبوو بە کۆرۆنا ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەوکەسانەی بۆ ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا چالاکی وەرزشیان نەبووە لەکاتی توشبوونیان بە کۆرۆنا ژمارەیەکی زۆریان داخڵی نەخۆشخانە کراون و بۆ ماوەیەکی زیاتر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و پێویستیان بە چاودێری ورد هەبووە و ژمارەیەکی زیاتریان گیانی لەدەستداوە.
لەبەرامبەردا، ئەوکەسانەی چالاکی وەرزشیان هەبووە، پەتاکەیان ئاسانترگرتووە و زووتر چاکبوونەتەوە و پێویستیان بە چاودێری ورد نەبووە و رێژەیەکی کەمتریان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، خاوبوونەوەی جەستە و ماسولەکەکان، وەک جگەرەکێشان و قەڵەوی و بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکانی خوێن و شێرپەنجە هۆکارێکی مەترسیدارن بۆ روودانی هەر ئەگەرێک لەکاتی توشبوون بەهەر نەخۆشییەک، بەتایبەتی کۆرۆنا.
وەرزش بریتیە لە چەند چالاکییەکی جەستەیی جۆراوجۆر، ئەنجامدانی بەشێوەیەکی رێک و پێک و کردنی بە بەشێک لە شێوازی ژیانی رۆژانە، دەبێتە هۆی جوانکردنی جەستە و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لە مرۆڤدا، هاوکات، هاوسەنگی لەنێوان رێژەی چەوری لەش و کێشدا رادەگرێت، بەمەش تەندروستیەکی باشتر بۆ مرۆڤ دەستەبەردەکات.