سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: بێهۆشکردنی گشتی کاریگەری لەسەر بیرچوونەوە هەیە

فۆتۆ: 
2021-04-03

34439 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، وەرگرتنی ماددەی بێهۆشکردنی گشتی لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا کاریگەری لەسەر یادگەی مرۆڤ دادەنێت و دەبێتە هۆی بیرچونەوە و لەدەستدانی بەیادهاتنەوەی رووداوەکانی رابردوو.


ماڵپەڕی یو بی ئای ئەمریکی نوێترین توێژینەوەی زانستی لەبارەی کاریگەری وەرگرتنی ماددەی بێهۆشکردنی گشتی لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا بڵاوکردەوە، کە زانایانی پەیمانگای زانستەکان و تەکنەلۆجیای نەمساوی ئەنجامیانداوە.

زانایان توێژینەوەیان لەسەر سێ دەرمانی باو ئەنجامداوە کە لە دەرمانی بێهۆشکردنی گشتی بەکاردەهێندرێت، کە بریتین لە ئیزۆفلۆران و کیتامین- زیلازین و میدتۆمین مدازولام فینتالین، بەپێی توێژینەوەکەش دەرمانەکە کاریگەری لەسەر جێگیری ئەو خانە و ناوچانە دادەنێت کە بەرپرسە لە یادخستنەوەی رووداوەکانی رابردوو.

توێژەران ئاماژەیان بەوەداوە، دوو پێکهاتە لە پێکهاتەکانی دەرمانی بێهۆشکردنەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر لەدەستدانی بیرخستنەوە و یادکردنەوەی رابردوو دادەنێن و مرۆڤ توشی لە بیرچوونەوە دەکەن.

سیمۆن ویگریت مامۆستای فسیۆلۆجیای دەمار لە سەنتەری بایۆلۆجیای دەمار لە هامبۆرگ و یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە رایگەیاندووە، "گرتنەبەری رێوشوێنی بێهۆشکردن بە سەلامەترین رێکار دادەنرێت لە زانستی پزیشکیدا، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم توێژینەوەیە یارمەتیماندەدات تراستیجی نوێ و باشتر، بەتایبەتی لەبارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی لەسەر درککردن بگرینەبەر".

ویگریت و هاوکارەکانی لە چوارچێوەی توێژینەوەکەیاندا چالاکی ئەو خانانەی بەرپرسن لە یادهێنانەوەی رووداوەکانی رابردوو لە مشکدا تۆمارکردووە لەکاتی وەرگرتنی یەکێک لەو سێ دەرمانەی بۆ بێهۆشکردن بەکار دەهێندرێت.

توێژەران ئاماژەیان بەوەداوە، هەرسێ ماددەکە کاریگەری لەسەری چالاکی کارەبایی مێشک دادەنێن، بەشێوەیەک مادەی کیتامین- زیلازین دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکی مێشکی مشکەکان و ناڕێکییەک لە خانەکانی مێشکدا دروستدەکات.

لەبەرامبەردا، میدتۆمین مدازولام فینتالین کاریگەری لەسەر تێکڕای چالاکی مێشک دادەنێت، بەڵام پاش ئەوەی مادەی ئیزۆفلۆران وەردەگرێت دوای ٤٥ خولەک مێشک دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییە سروشتیەکانی خۆی، بەڵام کاتێک مشکەکان هەرسێ ماددەکەیان پێکەوە پێدەدرێت، پاش چەندین کاتژمێر مێشکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە سروشتییەکانی خۆی.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو مشکانەی هەردوو مادەی کیتامین- زیلازین و میدتۆمین مدازولام فینتالین وەردەگرن درەنگتر دەتوانن رووداوەکانی رابردوویان بیربێتەوە، لەکاتێکدا کە دەرمانی ئیزۆفلۆران وەردەگرن کەمتر کاریگەری لەسەر چالاکی مێشکیان دادەنێت.

گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە، پاش سەلماندنی ئەنجامی توێژینەوەکە کاریگەری لەسەر پرۆسەی بێهۆشکردنی ئەو نەخۆشانە دەبێت کە نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدەدرێت، کە بەپێی پێشبینییەکان پێدەچێت هەوڵبدرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانە لاوەکیانە.