تیشكی خۆر دەبێتە هۆی زیادكردنی میلانینی پێست یان رەش بوون و تۆخبوونەوەی پێست و ئەوە لە 24 كاتژمێری یەكەم لەگەڵ بەركەوتنی هەتاو دروست دەبێت لەدوای 72 كاتژمێر وردە وردە رەنگەكە بەردەوامی دەبێت، بەردەوامی بەركەوتنی تیشكی خۆر دەبێتە هۆی دروست بوونی شێرپەنجەی پێست.
ماڵپەڕی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، د.سایە سامی سابیر پزیشكی پایەبڵندی نەخۆشیەكانی پێست لە لێدوانیكدا بۆسایتی " تەندروستی" ووتی: پێویستە هەموان دژە خۆر بەكار بهێنن بۆ خۆپارێزی لەتیشكی و خۆرو كاریگەریەكانی لەسەر پێست، بە تایبەت بۆ ئەوانەی روخساریان پەڵەی هەیە.
روونیكردەوە: تیشكی خۆر دەبێتە هۆی پیربوون و چرچ بوونی پێست، هەروەها سوربونەوە و گۆڕانی رەنگی پێست و تەنكبوونەوە ولاواز بوونی مولولەكانی خوێن و هەندێ جار ناشیرین بونیش روو دەدات.
وتیشی: ئەو كەسانەی زۆرترین كات لەبەر خۆرن مەترسی تووشبوونیان هەیە بەشێرپەنجەی پێست، بەتایبەت ئەوانەی خەریكی كشتوكاڵن، پێویستە ئەم رێنمایانە جێبەجێ بكەن:
- بەردەوام بەكارهێنانی دژە خۆر.
- خۆپاراستن لەهەتاو هەرچەندە دژە خۆریش بەكاربهێنن.
-بەكارهێنانی جلی قۆڵ درێژ و داپۆشراو لە پێناو سەلامەتی پێست.