هاتوچۆى هەڵەبجە چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەو ئەگەرە دەکات، کە ئەگەر لە رێگایەکی خێرادا لێبخوڕیت و تایای ئۆتۆمبێلەکەت تەقی چیب کەیت، لەو بارەیەوە نووسیویەتی، لەسەرخۆبە و بە هەردوو دەست جڵەوی سوکانەکەت بکە، دەشڵێت گرنگترین شت ئەوەیە پێیەکانت نەبەیت بۆ ئیستۆپ و بە هیچ شێوەیەك و هاندبرێک رامەکێشە، چونکە تەقینی تایەکە و لێخشانی ویل لە زەوی وردە وردە خێرای کەم دەکاتەوە .
بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەڵەبجە ئەوەشی نووسیوە، "لەکاتی لێخوڕینی خێرایی زۆردا و بەتایبەت سەرو ١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە ئەگەری تەقینی تایەکاندا هەرچەند لە توانادایە لەسەرخۆبە و دەورو بەرەکەت مەترسێنە و بە هەردوو دەستت جڵەوی سوکان بکە و گرنگترین شت ئەوەیە پێیەکانت نەبەیت بۆ ئیستۆپ، رێگەکەی خۆت بگرە و هەوڵ مەدە لابدەیتە ئەملاو لای شەقامەوە، هێندەی لە تواناتدا هەیە ئۆتۆمبێلەکە رێک بڕوات باشترە و کاتێک خێرای هاتە ٥٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ئەوا دەتوانی وردە وردە پێ لە ئیستۆپ بدەی تا ئۆتۆمبێلەکە دەوەستێتەوە."
ئاماژەبەوەشکراوە، "ئەگەر گێڕی ئۆتۆمبێلەکەت عادی بوو گێڕەکان بەپێی پێویست بگۆڕە، لە کاتێکدا تەواو جڵەوی ئۆتۆمبێلەکەت کردبوو، ئەگەر گێڕ ئۆتۆماتیک بوو، ئەوا ئۆتۆمبێل خۆی ئەو کارە دەکات."
ئەوەشخراوەتەڕوو، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە ٦٦% رووداوەکانی تەقینی تایە لە سەرووی خێرایی ۱٠٠ کیلۆمەتر مەرگەساتی لێکەوتووەتەوە و دەکرێت رێگرى لێبکرێت ئەگەر شۆفێر بەشێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵ بکات.
باس لەوەشکراوە، خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، تایەکان بابەتێک نین کە قابیلی ئەوەبن پشتگوێ بخرێن، پێویستە هەوڵبدەن باشترین لە براندە جیهانییەکان هەڵبژێرن لە کاتی کڕیندا و دەبێت ئاگاداری پەستان و درز و قڵیش و هەڵئاوسان و خواربوونی ویلی تایەکان بن و بڕیار نەدانى گەشتى دوور مەودا هەتا دڵنیا نەبیت لە توانای تایەکان بە رێژەى ٪۱٠٠.