منداڵێکی دوو ساڵ لەکاتی کەوتنە خوارەوەی لە نهۆمی ١٢ی خاڵەخانەیەکەوە، لەلایەن شۆفێرێکی گەیاندنەوە منداڵەکە دەگرێتەوە و لە مردن رزگاری دەکات.
نگوین نجۆک مانەی تەمەن ٣١ ساڵ لە پایتەختی ڤێتنام هانوی، لە ئۆتۆمبێلەکەی دانیشتووە و چاوەڕێی کڕیارێکی دەکات تاکو داواکارییەکەی ڕادەست بکات، لەو کاتەدا منداڵێک دەبینێت قاچی لە شیشی باڵکۆنی شوقەکەیانەوە گیربووە و لە ماوەیەکی کورتدا لە نهۆمی ١٢ باڵەخانەکەوە دەکەوێتە خوارەوە.
نگوین بە خێرایی لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و دەچێتە سەر سەقفی پێشەوەی باڵەخانەکە و باشترین شوێن دیاری دەکات و منداڵەکە دەگرێتەوە، بەو جۆرە منداڵەکە لە مردن رزگار دەکات.
منداڵەکە تەمەنی دوو ساڵ دەبێت، لە بەرزی ١٦٤ پێوە دەکەوێتە خوارەوە، ئەو شۆفێرە ڕزگاری کردووە، نگوین بە ڕۆژنامەی "ئانینسۆدۆ"ی ناوچەکەی وتووە "لە ئۆتۆمبێلەکەم دانیشتبووم و چاوەرێم دەکرد یەکێک لە کەرەستەکانی تایبەت بە بیناسازی ڕادەست بکەم، گوێم لە گریانی منداڵێک بوو، پێموابووە منداڵەکە لەلایەن دایکییەوە سەرزەنشت دەکرێت، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا گوێم لە کەسێک بوو هاواری دەکرد یارمەتیم بدەن، کاتێک سەرم لە جامی ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنا ئەو دیمەنەم بینی و بە خێرایی هاتمە دەرەوە و چوومە ئەو جێگەیە و کچە بچوکەکەم ڕزگار کرد".
دوای ڕزگارکردنی، منداڵەکە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەر کراوە، خەڵکی ناوچەکە شۆفێرەکەیان بە پاڵەوان وەسف کردووە، نگوین ڕایگەیاندووە، ئەوکارەی کردوویەتی خۆنەویستانە و بێ بیرکردنەوە بووە چونکە خۆشی باوکە و کچێکی تەمەن دوو ساڵی هەیە.