ئاژانسی ناسای ئەمریکی یەکەم وێنەی رەنگاوڕەنگی هەسارەی مەریخی بڵاوکردەوە پاش ئەوەی گالیسکەی "پێرسیڤیرەنس" گەیشتە ئەو هەسارەیە و وێنەکانی چرکاند.
ئاژانسی نیشتیمانی بۆ گەشتی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی "ناسا" هەژمارێکی بۆ گالیسکەکەی کردووەتەوە و بەناویەوە قسە دەکات، وەک لە پۆستێکیدا دەڵێت، "ئاسۆیەکی کراوە، لەگەڵ شتانێکی زۆر بۆ دۆزینەوە. ئارامم نییە بۆ دەستپێکردن و گەڕان".

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، گالیسکەی "پێرسیڤیرەنس" توانی لەسەر هەسارەی مەریخ بنیشێتەوە تا دەست بە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی بکات بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری هەبوونی ژیان لە رابردوودا لەسەر ئەو هەسارەیە.
گالیسکەکە بۆ گەیشتن بە هەسارەی مەریخ حەوت مانگی پێچووە لە کاتی هەڵدانییەوە لەسەر زەوییەوە. فڕۆکەیەکی بچوکی بەناوی "ئەنجینیویتی" لەگەڵدایە کە گەڕان و دۆزینەوەکانی بۆ ئاسان دەکات.
گالیسکەی "پێرسیڤیرەنس" لەسەر دەرچەی گڕکانی "جزیرۆ" نیشتەوە کە بە گرنگترین و مەترسیدارترین ناوچەی سەر هەسارەی مەریخ دادەنرێت بەهۆی بەرزی و نشێوییە زۆرەکانییەوە.

زانایان لەو باوەڕەدان دەرچەی گڕکانی "جزیرۆ" پێش سێ ملیار و ٩٠٠ هەزار ساڵ دەریاچەیەکی گەورە بووە.
گالیسکەکە دەستبەجێ پاش گەیشتن و نیشتنەوەی لەسەر هەسارەکە دەستیکردووە بە چرکاندنی وێنەی مەریخ و بەرگەهەواکەیی و گواستنەوەی وێنەکان بۆ ناوەندی سەرەکی ئاژانسی ناسا. پێشبینیدەکرێت وێنەی زیاتر بگوازێتەوە پاش ئەوەی کامێراکانی دیکەی دەکەونە کار و دەست بە گەشت و گەڕانەکانی دەکات.

بەگوێرەی پلانی ناسا، ئەو فڕۆکەیەی لەگەڵ گالیسکەکە نێردراوە لە ئاسمانی مەریخدا بۆ ماوەی دە رۆژ دەسوڕێتەوە و ئەرکەکەشی بریتیە لە گەڕان بەدوای شوێنەوار و دۆزینەوەی بەڵگە لەسەر ئەگەری هەبوونی ژیان لە هەسارەکەدا. هاوکات، لێکۆڵینەوە لە کەش و هەوای هەسارەکەش دەکات و چەندین نمونە کۆدەکاتەوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٣٠ دەیان نێرێتەوە بۆ سەر زەوی.