فۆتۆ:
2021-02-15
2562 جار خوێندراوەتەوە
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە، کەمبوونەوەی کاتەکانی خەو بۆ کەمتر لە پێنج کاتژمێر مەترسیی تەندروستیی دروست دەکات بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، ئەگەری مردن و خڵەفانی لێدەکەوێتەوە.
توێژەران لە نەخۆشخانەی بریگهام بە پشت بەستن بە بەشداربووەکان ئاشکرایانکردووە، باشترین کاتژمێرەکانی خەوتن نابێت لە حەوت بۆ هەشت کاتژمێر کەمتر بێت، ئەوانەی کەمتر لەو ماوە دەنوون بەتایبەت بەساڵاچووان مەترسی مردنی پێشوەختە و خڵەفانیان لێدەکرێت.
توێژەران ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە گۆڤاری Aging بڵاوکردووەتەوە و دەریانخستووە، پەیوەندیی لەنێوان گرفتەکانی خەو و مەترسیی مردندا هەیە، ڕیبیکا ڕبینز پزیشکی بەشداربوو لە توێژینەوەکە وتوویەتی "ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیان دەرخستووە کەم خەوی مەترسیی مردن و خڵەفان زیاد دەکات بەتایبەت لەو کەسە بەتەمەنانەی شەوان بە باشی ناخەون".
توێژەران بەگوێرەی ئەو داتایەی لە بەشداربووەکانەوە دەستیان کەوتووە ئاماژەیان بەوەکردووە، ڕۆتیناتی ڕۆژانە و درەنگ خەولێکەوتن و سەرخەوی ڕۆژانە و خراپی جۆرییەتی خەو لەگەڵ خەوتن بۆ کەمتر لە پێنج کاتژمێر مەترسیی مردن و توشبون بە زەهایمەر و خڵەفان زیاد دەکات.
ستیوارت کوان پزیشک لە بەشی نوستن و گرفتەکانی بایۆلۆجی تایبەت بە خەو وتوویەتی "توێژینەوەکە ڕوونیکردووەتەوە کەمی کاتەکانی خەو لەگەڵ خەوی خراپ لە بەساڵاچوواندا مەترسیی خڵەفان و مردنی پێشوەختەی لێدەکەوێتەوە، هەربۆیە گرنگە کەسانی بەساڵاچوو گرنگی بە جۆرییەتی و کاتی خەویان بدەن".