فۆتۆ:
2021-02-15
1799 جار خوێندراوەتەوە
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پزیشکانی منداڵان هۆشداریدەدەن لە درێژەکێشانی نەچوونەوەی منداڵان بۆ خوێندنگەکانیان و دوورکەوتنەوە لە چالاکییە وەرزشییەکان کاریگەری خراپی درێژخایەنی لە سەر جەستە و دەروونی منداڵان دادەنێت.
های کاو بەڕێوەبەری ناوەندی ساوس سلۆپ بۆ تەندروستی منداڵان لە برۆکلین لە نیورۆک رایگەیاند، زۆرێک لە منداڵان لە قۆناغی سەرەتایدا ساڵانە ٩ کیلۆ بۆ ١٣ کیلۆ و نیو کێشیان زیاد دەکات.
بریتانی وێڵسۆن پزیشک لە ناوەندی "Island Kids Pediatrics" لە دوورگەی ستاتین لە نیۆرک ئاماژەی بەوەدا، پەتای کۆرۆنا بۆتە هۆی مانەوەی منداڵان لە ماڵەوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ١٢ ساڵە گرفتی زیادبوونی کێشیان بەشێوەیەکی خێرا هەیە.
راشیگەیاند، تەنانەت ئەو منداڵانەی دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە کاتێک دەبینن هاوڕێکانیان ناگەڕێنەوە و هۆڵەکانی خوێندن و کەشی ئەکادیمی خوێندن و رەوشی پەروەردە وەک پێویست بەڕێوەناچێت، توشی خەمۆکی دەبن. بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و پشوودان تا هەست بە نیگەرانی نەکەن زۆر دەخۆن و بەمەش کێشیان زیاد دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەکان مێردمنداڵان بەهۆی نیگەرانی و خەمۆکی و دوودڵی و تێکچوون و ناجێگیری دەرونییان بەرنامەی خواردنیان لێتێکدەچێت بەمەش بەردەوام دەخۆن و هەست بە تێربوون ناکەن و بێ ئاگایانە کێشیان زیاد دەکات.
پێشتر، ماڵپەڕی "ئی ستودنت"، چەند خراپیەکی خوێندنی ئۆنلاینی بڵاوکردەوە لەوانەش سنورداری فیدباکی خوێندکار و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سنورداربوونی فێربوون و گرفتی دارایی بۆ خوێندکارە کەمدەرامەتەکان لە دابینکردنی چەند پێداویستییەکدا و ئەنجامدانی غەشکردن بە ئاسانترین شێوە.