ئەم رۆژانە باس و خواسی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوە، بە تایبەتی دراوی بیتکۆین کە لە ئێستادا نرخی یەک کۆینی بە نزیکەی ٤٧ هەزار دۆلاری ئەمریکیە. بەڵام ئایا بیتکۆین چییە و چۆن درووستبوو؟
بیتکۆین Bitcoin دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، یەکەم دراوی ژمارەییە کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە. ساڵی ٢٠١٧ بەکارهێنەرانی لە نێوان دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ پێنج هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری هەبوو.
بەهای بیتکۆین ئەمساڵ لە جیهاندا بەرێژەی ٦٢٪ بەرزبووەوە و هاوکات ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بە رێژەی ٢٠٠٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی هەندێك کۆمپانیای زەبەلاحی بواری وەبەرهێنانی بەلای خۆیدا رابکێشێت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەو بوارەدا بەکاربهێندرێت. هاوکات، کۆمەڵێك وەبەرهێنی جیهانی دوودڵن لە بەهای بیتکۆین.
لە کاتێکدا، دەسەڵاتدارانی کەنەدا دوێنێ بڕیاریاندا سندوقێکی وەبەرهێنان بۆ بۆرسەی بیتکۆین لە جیهاندا دابمەزرێنن، ئەمەش دەرفەتدەداتە وەبەرهێنەران بۆ بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی لەو بوارەدا.
هاوکات، پاش ئەوەی ئیلۆن مەسك، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا، بڕیاریدا بە بەهای یەك ملیار و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی ئەو دراوە بکڕێت، بەهاکەی بەرزبووە و بۆ جاری دووەم ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
لە ئێستادا، بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ٤٨ هەزار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاند و بەمەش بە رێژەی ٢٥٪ بەرزبووەوە.
لە بەرامبەردا، وەبەرهێنەران لەو باوەڕەدان ئەو هەنگاوەی تێسلا ئاماژەیەکە بۆ بوونی بیتکۆین بە دراوێکی سەرەکی لە داهاتوودا. هاوکات، هەندێکیشیان رەخنەیان لەو کارەی ئەو کۆمپانیایە گرت.