سەردێڕ:

ئایا نەخۆشی جۆری دووی شەکرە بە تەواوی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟

فۆتۆ: 
2021-02-11

3258 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشیی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، هۆکارەکەشی بوونی گرفتە لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرە لە خوێندا، بوونی کۆمەڵێک نیشانەش ئاماژەن بۆ توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە.


نەخۆشیی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، هۆکارەکەشی بوونی گرفتە لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و بەرزبوونەوەی ئاستی شەکرە لە خوێندا، بوونی کۆمەڵێک نیشانەش ئاماژەن بۆ توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە.

دکتۆر "عارف گۆران" پسپۆری ھەناو و ڕاوێژکار لە نەخۆشی شەکرەو کوێرەڕژێنەکان، بەم شێوەیە باسی نەخۆشیەکەی بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کرد:

نزیکەی ٩٠٪‏ ی سەرجەم نەخۆشانی شەکرە، ده‌كه‌ونه‌ خانه‌ی جۆری دووه‌می شه‌كره‌وه‌، كه ‌به‌شێوه‌كی گشتی ته‌مه‌نی سه‌رووی چل ساڵی ده‌گرێته‌وه‌.

بەشی ھەرە زۆری نەخۆشانی جۆری دووه‌می شه‌كره‌ كێشیان زیادە یان قەڵەون کە ئەمەش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌رگری به‌رامبه‌ر ئه‌نسۆلین دروست بكات و له‌ كاریگه‌ری كه‌مبكاته‌وه‌ .

لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا، كاتێك  قوتابی کۆلیژی پزیشکی بووم، ھەموو پەرتووکە پزیشکیەکان جۆری دووه‌می نه‌خۆشی شه‌كره‌یان وه‌ك نەخۆشیەکی درێژخایەن دەناساند، واته‌ ده‌بێت نه‌خۆش به‌درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵیدا بژیت، به‌ڵام ئێستا زانست ده‌ریخستووه‌، كه‌ ده‌توانرێت ئه‌و نه‌خۆشیه‌ لە بەشێکی تووشبوان به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌رێگای دابه‌زاندنی ئه‌و كێشه‌ی زیاده‌ و پەیڕەوکردنی پارێزی گونجاو.

دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ چاره‌سه‌كردنی ئەو نەخۆشانەی کە زۆر قه‌ڵه‌ون وە نه‌خۆشی شه‌كره‌كه‌یان ھەیە، تێبینی کراوە کە ڕێژەیەکی به‌رچاوی ئەو نەخۆشانە شەکرەیان نەماوە دوای دابەزینی رێژەیەکی زۆر لە کێشی نەخۆشەکان‌، به‌گوێره‌ی هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ تەنانەت دوای تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌،  %٧٠ ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ پێویستیان بە ھیچ دەرمانێک نەبووە بۆ کۆنترۆڵ کردنی شەکرە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەتەواوی چاکبوونەتەوە. هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ی تر باس له‌چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی جۆری دووی نەخۆشی شه‌كره‌ ده‌كه‌ن له‌رێگای رێكخستنی خواردن و ره‌چاوكردنی رژێمێكی تایبه‌تی خواردن.

لە یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئیتاڵیا ئه‌نجامدراوه‌،  ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ بە ھۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كاربۆهێدرات بە رێژەیەکی بەرچاو، تێبینی کراوە کە بەشێک لەنەخۆشانی شەکرە بەتەواوی چاکبوونەتەوە، لەو لێکۆلینەوەیە دەرکەوت کە %١٥ی نه‌خۆشه‌كان دوای ساڵێک وە %٥ ی نه‌خۆشه‌كان دوای شه‌ش سال پێویستیان به‌ به‌كارهێنانی هیچ جۆره‌ ده‌رمانێك نەبووە و شەکرەیان وەک کەسێکی ئاسایی بووە، كه‌واته‌ گۆڕانكاری له‌سیسته‌می خواردن و چارەسەرکردنی قەڵەوی یه‌كێكه‌ له‌ ھەنگاوە سه‌ره‌كیه‌كانی کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشی شەکرە .

به‌شێوه‌كی گشتی ئه‌وه‌ یه‌كلابۆته‌وه‌، كه‌ کەمکردنەوەی کاربۆھایدرێت و وەرزش کردن و دابه‌زاندنی کێش، ئەگەر بەتەواویش نەخۆشی شەکرە کۆنترۆڵ نەکات ، ئەوا بە رێژەیەکی زۆر باش ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات، شایه‌نی ئاماژه‌ پێكردنه‌ دابه‌زاندنی كێش جگه‌ له‌ کۆنترۆڵکردنی شەکرە، کۆمەڵێک سوودی تری ھەیە.

نابێت ئه‌وه‌ له‌ نه‌خۆش بشارینه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نەخۆشی شەکرە کۆنترۆڵ نەکرێت، کۆمەڵێک کێشە بۆ نەخۆش دروستدەکات، بۆیە باشتر وایە ئه‌و نەخۆشانە گوێڕایه‌ڵی رێنماییەکانی دکتۆر بن.

هه‌ندێك پشكنین هه‌یه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی وه‌رزی و له‌ژێر چاودێری پزیشكی تایبه‌تدا بیكه‌ن،  بە تایبەت پشکنینی سێ مانگە، کە بە فەحسی تەراکومی دەناسرێت( HbA1c ).

پزیشکی پسپۆر دەبێت بریار لەسەر ھەر گۆرانکاریەکی پێویست لە چارەسەری بدات .

هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ دابه‌زاندنی كێشه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ئێستادا هیچ حه‌بێك نیه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بدات، تاكه‌ حه‌ب، كه‌ له ‌ئه‌وروپا رێگای به‌كارهێنانی دراوه‌ حه‌بێکە پێی دەوترێت ئۆرلیستات كه‌ ئه‌ویش كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌، ئه‌و حه‌ب و ده‌رمانانه‌ی بۆ دابه‌زاندنی كێش له ‌دوو ده‌یه‌كی رابردوودا به‌كارهێنراون، ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاویان نه‌بووه‌ و بەشێک لەو دەرمانانە کۆمەڵێک کێشەی تر بۆ نەخۆش درووست دەکەن ، بۆیه‌ باشترین رێگای چارەسەری وه‌رزشكردن و ره‌چاوكردنی سیسته‌مێكی تایبه‌ت به‌خۆراكه‌، لایەنی کەم نەخۆشانی شەکرە دەبێت ھەوڵ بدەن کە رۆژانە بۆ کاتژمێرێک رۆیشتن بکەن.