گۆڤاری نەیچەر میدیسنی پزیشکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیکردووەتەوە کە ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیک دژی زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا دەرکەوتووە کاریگەرە.
گۆڤاری نەیچەر میدیسنی پزیشکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختیکردووەتەوە کە ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیک دژی زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا دەرکەوتووە کاریگەرە.
توێژەران لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا زەرداوی خوێنی کۆمەڵێ کەسی خۆبەخشیان تاقیکردووەتەوە کە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسیان پێداون و پاشان جیناتەکانیان گۆڕیوە تا لە زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆنا بچێت، تێبینیانکردووە دژەتەنەکان کاردانەوەیان لەبەرامبەر ڤایرۆسە گۆڕاوەکە هەبووە.
لەکاتێکدا، بەگوێرەی توێژەران یەکێک لە رێگرییەکانی بەردەم توێژینەوەکە ئەوەیە ڤایرۆسە دروستکراوەکان کۆی زینجرە نوێیەکانی کۆرۆنا لەخۆناگرێت کە لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا بونیان هەیە.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەداوە، کاریگەری ڤاکسینەکان دژی زنجیرە نوێیەکەی باشوری ئەفریقا کەمترە بەراورد بە کاریگەریەکەی لەسەر ئەو زنجیرەیەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا بوونی هەیە.
هاوکات، بەگوێرەی توێژینەوەکە بەدەر لە ڤاکسینی فایزەر؛ ڤاکسینی ئەسترازینکای ئۆکسفۆرد هیچ کاریگەری لەسەر زنجیرە نوێیەکەی کۆرۆنای باشوری ئەفریقا نییە، هەر بۆیە حکومەتی باشوری ئەفریقا بڕیاریدا بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی بۆ کارمەندانی تەندروستی رابگیرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، زنجیرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بووەتە جێگەی نیگەرانی لای زانایان و پسپۆرانی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتی و لە هەریەک لە بەریتانیا و باشوری ئەفریقا و بەرازیل بڵاوبووەتەوە بڵاوبوونەوەکەشی خێرایە، بەڵام مەترسیدار نییە و پسپۆڕانیش دڵنیایان داوە لە کاریگەری ڤاکسینەکان بۆ زنجیرەی نوێی کۆرۆناش.