لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە هەرێم مەلا عەلی کەڵەک لە هەرێم بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت لەماوەی دوو مانگدا کۆنتڕۆڵی تەواوی ڤایرۆسەکە بکات و ئەوەشی خستبووەڕوو ئەگەر جیهان رێگەیبدات دەتوانێت لە جیهانیشدا چارەسەری نەخۆشییەکە بکات.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە هەرێم مەلا عەلی کەڵەک لە هەرێم بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت لەماوەی دوو مانگدا کۆنتڕۆڵی تەواوی ڤایرۆسەکە بکات و ئەوەشی خستبووەڕوو ئەگەر جیهان رێگەیبدات دەتوانێت لە جیهانیشدا چارەسەری نەخۆشییەکە بکات.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەش مەلا عەلی ئەوەی راگەیاند، کە دەیەوێت بچێتە چین و چارەسەری نەخۆشەکانی ئەو واتە بکات.
هەر لە بارەی جۆرە جیاوازەکانی چارەسەری کۆرۆناوە لە رێگای توبی نەبەویەوە، وڵاتانی دیکەش بێبەش نین لەو جۆرە شێوازەی پزیشکی و بەشێوەیەکی گشتی ١٠ جۆر تێگەیشتن لەبارەی چارەسەری کۆرۆناوە هەیە، کە بەشێکی خەڵک بە دەنگۆ یان خورافیات ناویدەبەن.
لەو خورافیاتانەش کە تایبەتن بە چارەسەری کۆرۆنا، بەشێکی خەڵکی بڕوایان پێی هەیە و پێیان وایە راستە و کاریگەریان لەسەر دروستدەکات و زۆر جار لە نەخۆشیەکەش چاکیان دەکاتەوە، بریتین لە:
١.گیراوەی جادویی:
خواردنەوەیەکە لە تێکەڵەی چەند گیایەک و هەنگوین و گوێز پێکهاتووە جادوگەرێکی سریلانکی دەڵێت، کە لە خەونیدا ئەو گیراوەیەی پێدراوە و بانگەشەی ئەوەش دەکات، ئەو گیراوەیە بە درێژایی ژیان کەسەکان لە ڤایرۆس دەپارێزێت، هاوکات، وەزیری تەندروستی سریلانکاش ئەو گیراوەیەی تاقیکردووەتەوە.

٢.میزی مانگا:
لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا، کۆمەڵێک لە چالاکوانە هیندییەکان هەستان بە خواردنەوەی میزی مانگا، کە ئاماژەیان بەوە دەکرد، پێیان وایە میزی مانگا پیرۆزە و توانای هەیە لە توشبوون بەڤایرۆسەکان و ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تایبەتی بیانپارێزێت.

٣.گیراوەی بەرسیم:
لە میسر دەنگۆی ئەوە هەیە کە گیراوەی بەرسیم بەبێ زیادکردنی هیچ پێکهاتەیەکی دیکە بۆ گیراوەکە و تەنها خۆی، یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدا ئەم گیراوەیە لە خۆراکی مانگا و گامێشەکاندا بەکاردێت.
لەو بارەیەشەوە، مەحمود ئەبو لەیل کە کەسایەتیەکی دیاری میسرە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "گیراوەی بەرسیم کە دەدرێت بە مانگا و گامێشەکان ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناودەبات، بەوپێیەی کە گیراوەکە لاشە لە بەکتریا و ژەهر و ڤایرۆس پاکدەکاتەوە و بەرگری بەهێز دەکات و ئەگەری پچڕانی دەمارەکان کەمدەکاتەوە، هەروەها گورچیلە و جگەریش بە تەواوی لە ژەهرەکان پاکدەکاتەوە"، دەشڵێت، "ئەم گیراوەیە هیچ زیانێکی بۆ مرۆڤەکان نییە و دەتوانن بەکاریبهێنن."

٤.کۆڤید ئۆرگانس:
ئەندریە راجۆلینا سەرۆکی پەیمانگای مادەغاشقەر رایگەیاندووە، ئەو چایەی کە بە کۆڤید ئۆرگان ناودەبرێت و پێشتریش بۆ چارەسەری مەلاریا بەکارهاتووە، بە تەواوی پێکهاتووە لە گیای ئەرتیمیسیا، سودی هەیە لە چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو چایە لەماوەی حەوت رۆژدا کاریگەری دەبێت، هاوکات، لە وڵاتە ئەفریقییەکانیشەوە داواکاری زۆر هەیە بۆ کڕینی ئەو چایە.

٥.کحولی میسانۆڵ:
لە مانگی ئازاری رابردوودا لە ئێران بە هەزاران کەس توشی ژەهراویبوون بوون بەهۆی ئەوەی کحولی میسانۆڵیان خواردبووەوە بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە چەند کەسێکیش بەو هۆکارەوە گیانیان لەدەستدابوو، کە بەپێی بۆچوونی ئەوان بەو رەفتارە خۆیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەپاراست، بەڵام ئەو تێکەڵە کیمیاییە CH3OH گونجاو نییە بۆ خواردن، بەڵکو بۆ پاککردنەوە و لە هەندێک ئامێردا بۆ بەدەستختنی وزە بەکاردێت و رۆڵی سەرەکیشی هەیە لە دروستکردنی پلاستیکدا.

٦.تێکەڵەی گیایی شلولو:
لە میسر جۆرێک لە شۆربا باوە، کە بە شلولو ناودەبرێت و لە تێکەڵەی چەند گیا و خۆراکێکی وشککراو و ئاوی لیمۆ و سیر پێکدێت، بە بۆچوونی میسرییەکان، ئەو گیراوەیە رۆڵی گرنگی لە چارەسەرکردنی کۆرۆنادا هەیە، بە جۆرێک ئەو شۆربایە بەرگری لەش زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی زۆربەی پێکهاتەکانی سروشتین.

٧.تێکەڵەی زەرنیخ:
لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا تێکەڵەی زەرنیخ بەکاردهێنن بۆ چارەسەری کۆرۆنا، کە ئەو گیراوەیە نوێ نییە و پێشتریش لە چارەسەرکردنی ژەهراویبووندا بەکارهاتووە، بە جۆرێک لە هەندێک لە ناوچە هیندییەکاندا تێکەڵەی زەرنیخ بەکاردەهێنن، کە بە "ئەلبوم زەرنیخ ٣٠" ناسراوە، کە لە زەرنیخ و ئاوی سازگار پێکهاتووە و پێکەوە دەکوڵێندرێت تا خەست دەبێتەوە.

٨.کۆلیداڵ سلڤەر:
بەشێکی ئەمریکییەکان و لە ناویشیاندا شارەزایانی بواری پزیشکی سروشتناسی پێیان وایە کە کۆلیداڵ سلڤەر دەکرێت گیراوەیەکی چالاک بێت لە چارەسەری کۆرۆنادا، بە جۆرێک دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر بەرگری جەستە و بەهێزی بکات.
لەو بارەیەشەوە، شیریل سیلمن شارەزا لە بواری پزیشکی سروشتانسی لە بەرنامەی "جیم بیکر"دا رایگەیاند، کە ئەو دەرمانە دەکرێت لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا کاریگەرییەکانی خۆی دەربخات و دەشتوانێت بەرامبەر هەموو زنجیرەکانی کۆرۆنا کاریگەری هەبێت.
بەشێکی خەڵکیش بڕوایان وایە کە ئەو دەرمانە بەدەر لە کۆرۆنا چارەسەری جۆرەکانی ئەنفلەوەنزاش دەکات و ماوەی دەیان ساڵە لە ناوچە جیاوازەکاندا بەکاردەهێندرێت.
کۆلیداڵ سلڤەر لە دەنکۆڵەی زیو پێکدێت، کە بچوککراونەتەوە و مامەڵەکردنی جەستە لەگەڵ ئەو دەنکۆڵە بچوکانەدا ئاسانترە.

٩.کۆکاین:
بەشێک لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و بەتایبەت کۆکاین پێیان وایە کە کۆکاین دەتوانێت بیانپارێزێت لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کاتێکدایە بە پێچەوانەوە ئەو ماددەیە وا لە کەسەکە دەکات ئالودە بێت و بەرگری جەستەش لاواز دەکات.
لە کاتێکدا کەسی بەکارھێنەر کۆکاین وەردەگرێت ئەوا ئەو ماددەیە وا لە مێشکی دەکات رێژەیەکی زۆر لە دۆپامین دەربدات، دۆپامینیش وەک جۆرە ماددە و پێکھاتەیەکی کیمیایی وایە کە ھەستێکی خۆشی بە کەسەکە دەدات و توشی جۆش و خرۆشی دەکات، کۆکاین کاریگەری دەکاتە سەر سەنتەرە جیاوازەکانی مێشک و کە ئەوەش لێکدانەوە بۆ چۆنیەتی ئاڵوودەبوونی ئەم ماددەیە دەکات.

١٠.خواردنەوە حکولییەکان:
بەشێکی بەکارهێنەرانی خواردنەوە حکولییەکان پێیان وایە ئەو خواردنەوانە پارێزگارییان لێدەکات لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەو بارەیەشەوە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو هەواڵانەی رەتکردووەتەوە و لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوەکردووە، خواردنەوە حکولییەکان کاریگەریان لەسەر چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە و جۆری خواردنەوەکانی وەک "بیرە"ش کاریگەر نین لە زیادکردنی بەرگری جەستەدا.
رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بە پێچەوانەوە خواردنەوە کحولییەکان کاریگەر خراپیان لەسەر بەرگری جەستە هەیە و بەرگری لە ڤایرۆسەکە ناکات، هەر خواردنەوەی حکولی کاریگەری مەترسیدار لەسەر تەندروستی دروستدەکات."
