سەردێڕ:

چارەسەری بەرگری؛ توێژینەوەیەکی نوێ مژدە بە توشبووانی شێرپەنجە دەدات

فۆتۆ: 
2021-01-10

15394 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری نەیچەری ئەمریکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە زانستییە نوێیەکان، توێژینەوەیەکی لەبارەی چارەسەرکردنی بەرگری بۆ شێرپەنجە لە رێگەی بەکارهێنانی دەرمانی دژە کۆڵیستڕۆڵ بڵاوکردەوە.


گۆڤاری نەیچەری ئەمریکی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە زانستییە نوێیەکان، توێژینەوەیەکی لەبارەی چارەسەرکردنی بەرگری بۆ شێرپەنجە لە رێگەی بەکارهێنانی دەرمانی دژە کۆڵیستڕۆڵ بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی گۆڤاری سایەنتیفیک ئەمریکانی زانستی، دۆزینەوەی چارەسەری بەرگری بۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵی ١٩٨١ـەوە دەستیپێکردووە، کاتێک ویلیام کوڵی پزیشکی ئەمریکی تێبینیکرد ئەو دەرزییەی بۆ گرێ شێرپەنجەییەکانی بەکارهێنابوو جۆرە بەکتریایەکی پێوەبووە و توانیویەتی گرێکان لەناو ببات.

پاش ئەوەی کوڵی چاودێری نەخۆشەکانی دەکرد، کە توشی شێرپەنجەی گەردن ببوون، هاوکات توشی نەخۆشی بەکتریایش ببوون، لەو کاتەشدا کوڵی تێبینیکرد نەخۆشەکانی گرێ شێرپەنجەییەکانیان چاکبووەتەوە و نەخۆشیەکەیان نەماوە.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی تیمێکی هاوبەش لە زانکۆکانی ئەمریکا و چین ئەنجامیاندا، چارەسەرەکانی بەرگری شێرپەنجە بە رێژەی ١٠ -٣٠% سەرکەوتووبوون و ئەو نەخۆشانەی ئەو چارەسەرەیان وەرگرتووە توانیویانە بۆ ماوەیەکی زیاتر بژین، بەڵام تا ئێستا بۆ هەموو جۆرەکانی تری شێرپەنجە کاریگەر نییە.

لەلایەن خۆیەوە، چوان یوان لی، مامۆستای نەخۆشیەکانی پێست و دەرمانساز و بیۆلۆجیای شێرپەنجە لە ناوەندی پزیشکی زانکۆی دیوکی ئەمریکی و توێژەری بنەڕەتی لە توێژینەوەکەدا بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی رایگەیاندووە، "ئەو شتە نوێیەی توێژینەوەکە مژدەی لەسەر دەدات ئەوەیە لە رێگەی بەکارهێنانی دەرمانی دژە کۆڵسترۆڵەوە، کە بە لەناوبەری پڕۆتینی PCSK9 ناسراوە و لە کلینیکەکاندا بەردەستە، بتواندرێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ شێرپەنجە بدۆزرێتەوە."  

دەشڵێت، توێژینەوەکە سەلماندوویەتی، نەهێشتن و لەناوبردنی پرۆتینی PCSK9 دەتوانێت کاریگەری چارەسەری بەرگری بۆ ئابڵوقەدانی شێرپەنجە لە 'مشک'دا زیادبکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، پڕۆتینی PCSK9 ئامانجێکی گرنگە بۆ نەخۆشی دڵ، چەندین دەرمان پەسەندکراون بۆ لەناوبردنی ئەو پڕۆتینە و دابەزاندنی ئاستی کۆڵستڕۆڵ لەو نەخۆشانەی کاردانەوەیان بۆ دەرمانی ستاتین نییە، کە ستاتینیش سەر بەو کۆمەڵە دەرمانانەیە بۆ کەمکردنەوەی کۆڵستڕۆڵ بەکاردەهێندرێن لەرێگەی کەمکردنەوەی ئەنزیمی HMG-CoA reductase.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ روونکردنەوەی کەمکردنەوەی پرۆتینی PCSK9؛ بەو جۆرەیە لە گریمانەی سەرکەوتنی تاقیکردنەوە کلینیکیەکان بۆ مرۆڤ بەهێزتردەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بەردەستبوونی چارەسەری بەرگری شێرپەنجە و کەمی کاریگەری لاوەکی، بەراورد بە شێوازەکانی دیکە.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی بەرگری لە داهاتوودا، لی جەختیکردەوە لەسەرئەوەی، چارەسەرکردنی بەرگری رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە نەهێشتنی شێرپەنجە، چونکە ئامانجی بەهێزکردنی توانای جەستەیە لە روبەڕوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان وکۆنتڕۆڵکردنیان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا لی باسی لەوەکردووە، یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی روبەڕوی توێژەران دەبێتەوە بەرزبوونەوەی تێکڕای سەرکەوتنی چارەسەری بەرگری شێرپەنجەیە، بەشێوەیەک ژمارەیەکی زۆری نەخۆشەکان لە نەخۆشییەکەیان چاکببنەوە و بتوانن زیاتر بژین.