نزیكەی ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا و ئێوارانى مانگی ڕەمەزانان، دانیشتوانی كۆیە چاوەڕوانى بیستنى دەنگى تۆپێک بوون کە لە قشڵەی كۆیەوە دەتەقێنرا تا ڕۆژوەکانیان بشکێنن.
نزیكەی ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا و ئێوارانى مانگی ڕەمەزانان، دانیشتوانی كۆیە چاوەڕوانى بیستنى دەنگى تۆپێک بوون کە لە قشڵەی كۆیەوە دەتەقێنرا تا ڕۆژوەکانیان بشکێنن.
ئەو كەسانەی تۆپەكەیان دەتەقاند كاتێكی زۆر خەریکی ئامادەكردنی بوون چونكە لەبری گولە دەبوو پەڕۆیەكی زۆر و بڕێك بارووت تێكەڵبكەن و پاشان بیكەنە ناو تۆپەكەوە و ئینجا باش بپەسترێت و دواتر ئاگرێكیان پێوەدەنا.
ئەو تۆپەی كە لە قشڵەی كۆیە دانرابوو ساڵی ١٨١٣ لەلایەن وەستا ڕەجەبەوە و لە سەردەمی میر محەمەدى میری میرنشینی سۆران کە پایتەختەکەی ڕەواندز بوو دروستكرابوو، كە ئەوكات بۆ بەهێزكردن و قەڵەم ڕەوی دەسەڵاتی میرنشینەكەی سودی لێبینی.
بەڵام لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا تۆپەكەی كۆیە تەنها بۆ ئاگاداركرنەوەی ڕۆژوەوانان بەكاردەهات تا ڕۆژوەكانیان بشكێنن چونكە ئەوكات بەهۆى نەبوونى ئامێرى پێشکەوتووەوە خەڵکێکى کەم گوێیان لە بانگى مزگەوتەکان دەبوو.
تۆپەكە تا ساڵانی هەشتاكان لە قشڵەی كۆیە مابووەوە، بەڵام دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئەوكاتى عێراقی گواسترایەوە بۆ بەغدا كە بەپێی زانیاریەكان ئێستا ئەو تۆپە لە مۆزەخانەی شاری بەغدایە.
ئێستا هاوڵاتییەكی شاری كۆیە لە شێوەی تۆپەكەی وەستا ڕەجەب لە هەمان شوێن تۆپێكی درووستكردووە كە ئامانج لێی وون نەبوونی مێژوو و شوێنەواری ئەو تۆپەیە.
لە سنوری قەزای كۆیەدا زیاتر لە ٢٠٠ ناوچەی شوێنەواریی هەن كە بەشێكیان كنە و پشكنینیان بۆ كراوە و نۆژەنكراونەتەوە، بەشێكی تریش لەو شوێنەوارانە لەناوچوون.
هــ.حــ