فۆتۆ:
2021-06-29
12955 جار خوێندراوەتەوە
وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لەسەر پرسی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت:"دوێنی قسەم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوەم دەستنەکەوت".
خالد شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لە دانیشتنێ دوێنێی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی بەغدا دەڵێن خەریکی لێکۆڵێنەوەین و پێویستمان بە کاتەو دەبێت چاوەڕوانمان بن، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی روون و ئاشکرامان وەرنەگرتووه کە ئایا ئەو بڕە پارەیە دێت یاخود نا، ئێمەش وەکو حکومەت لە هەوڵەکانمان بەردەوامین".
سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کرد.
لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نووسراوی خەرجکردنی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
بە پێی نووسراوەکە لە ١/١/٢٠٢١ەوە تا ١/٦/٢٠٢١ مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار وەک پێشینە ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت و دواتر پاکتاو دەکرێت.