جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێشبینیدەکات لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەغدا پشکی بودجەی هەرێم بنێرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئێمە لە پەرلەمان کارمان کرد بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی، لە ئێستادا حکومەت چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە کە بتوانێت پشکی هەرێم بنێرێت."
ئاماژەی بەوەشدا، لەبەرامبەردا هەرێم پێویستە پابەندبێت بە ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەشێوەی رۆژانە و رادەستکردنی ٥٠% داهاتی نانەوتی هەرێم بە حکومەتی فیدڕاڵی.
بەشیر حەداد باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زیاتر لە لیژنەیەک لە هەرێم سەرقاڵی تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکانن بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بودجە و ناردنی پشکی هەرێم و رادەستکردنی نەوت و داهاتەکان بە حکومەتی فیدڕاڵی.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی، حکومەتی فیدڕاڵی بڕیاریداوە ٢٠٠ ملیار دینار وەک سلفە رەوانەی هەرێم بکات تا گرتنەبەری رێوشوێنەکانی ناردنی پشکی هەرێم تەواودەبێت.
لەبارەی دروستکردنی لەمپەر و گرفت بۆ نەناردنی پشکی هەرێم، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لایەن گرفت و لەمپەر لەبەردەم ناردنی پشکی هەرێمدا دروستدەکەن، ئەوان یان دژی هەرێمن یان دژی حکومەتی فیدڕاڵین تا لەبەردەم هاوڵاتیاندا شەرمەزاری بکەن، یان کارێکە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و موزایەدەی سیاسی ئەنجامی دەدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و نەوتی رادەست نەکردووە و بڕیارە شاندێکی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات.
پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.
كـ. ئـ