سەردێڕ:

نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لەدوو ساڵی رابردوودا تۆمارکرد

فۆتۆ: 
2021-06-26

4151 جار خوێندراوەتەوە

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەپێی بازاڕی نەوتی جیھانی ٧٦ دۆلار و ١٨ سەنتە، بەمەش نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لەدوو ساڵی رابردوودا تۆمارکرد.


 ئەمڕۆ شەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ٧٦ دۆلار و ١٨ سەنتە، بەمەش بەراورد بە دوێنێ ١١سەنت بەرزبووەتەوە، و یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٧٤ دۆلار و ٥ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
سەر لەبەیانی ھەینی، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا بە ٧٥ دۆلار و ٦٧ سەنت و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە نزیکەی ٧٠ دۆلار بوو.
بەڵام شەوی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٧٦ دۆلار و حەوت سەنت بەرزبووەوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پاش نزیکەی دوو ساڵ بە سەروو ٧٦ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام بەپێی نرخی جیھانی نەوت ئەم بەیانیە نرخی خاوی برێنت بەشێوەیەکی کەم دابەزیوە.

بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست بەنزیکەی ٥،٤ ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە، ھەروەھا لە ساڵی داھاتووشدا رێژەی خواستی رۆژانە لەسەر نەوت بەراورد بەمساڵ ٣،١ ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات.