ئەمڕۆ هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ٧٥ دۆلار و ٦٧ سەنتە، بەمەش بەراورد بە دوێنێ ٣٤ سەنت بەرزبووەتەوە، و یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٧٣ دۆلار و ٣٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەچەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پاش نزیکەی دوو ساڵ بە سەروو ٧٦ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام بەپێی نرخی جیهانی نەوت ئەم بەیانیە نرخی خاوی برێنت بەشێوەیەکی کەم دابەزیوە.
کەمبوونەوەی یەدەگەکانی نەوت لە ئەمریکا بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبوو.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئینستیتۆی نەوتی ئەمریکا، یەدەگەکانی نەوت لەو وڵاتە لە هەفتەیەکدا، بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی هەشت ملیۆن و ٥٣٧ هەزار بەرمیل کەمی کردووە ئەمە لە کاتێکدا وا پێشبینی دەکرا کە تەنها سێ ملیۆن بەرمیل کەم بکات.
بەردەوامی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێی ڤاکسینەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی نەوت دروست کردووە.