سەردێڕ:

نرخی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا هات

فۆتۆ: 
2021-06-24

1362 جار خوێندراوەتەوە

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ٧٥ دۆلار و ٣٣ سەنتە، بەمەش بەراورد بە دوێنێ ٣٧ سەنت دابەزیووە، و یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٧٣ دۆلار و ١٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.


دوێنێ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پاش نزیکەی دوو ساڵ بە سەروو ٧٦ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام بەپێی نرخی جیهانی نەوت ئەم بەیانیە نرخی خاوی برێنت بەشێوەیەکی کەم دابەزیوە.

کەمبوونەوەی یەدەگەکانی نەوت لە ئەمریکا بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبوو.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئینستیتۆی نەوتی ئەمریکا، یەدەگەکانی نەوت لەو وڵاتە لە هەفتەیەکدا، بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی هەشت ملیۆن و ٥٣٧ هەزار بەرمیل کەمی کردووە ئەمە لە کاتێکدا وا پێشبینی دەکرا کە تەنها سێ ملیۆن بەرمیل کەم بکات.

بەردەوامی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێی ڤاکسینەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی نەوت دروست کردووە.

بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست بەنزیکەی ٥،٤ ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە ساڵی داهاتووشدا رێژەی خواستی رۆژانە لەسەر نەوت بەراورد بەمساڵ ٣،١ ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات.