وەزیری پێشووی دادی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو ٢٠٠ ملیارەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت وەک سولفەی مانگانە تا بودجە جێبەجێدەکرێت خەرجدەکرێت، کە ئەوەش هاوشێوەی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراقە.
شێروان حەیدەری وەزیری پێشووی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، هیچ کێشەیەکی یاسایی لەو ٢٠٠ ملیار دینارەدا نییە کە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، لەبەرئەوەی ماددەی ١١ی بودجە کە پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستان، هەرێم سەرجەمیانی جێبەجێکردووە و رێککەوتن ئەنجامدراوە و تەنها رەوانەکردنی بەغدای ماوە.
وەزیری پێشووی دادی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە وەک سولفەیەک، وەزارەتی دارایی ناتوانێت رێگری لە رەوانەکردنی بگرێت و بڕیاریشە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەغدا ئەو سولفەیە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.
راشیگەیاند، ئەو بڕە پارەیە لە پێشتردا پشک بووە و لە ئێستادا بووەتە سولفە بۆ هەرێمی کوردستان و کێشەیەکی یاسایی تێدا نییە و کاتێکیش پشکی هەرێم خەرجکرا ئەو کاتە هەر کێشەیەک هەبێت چارەسەردەکرێت، بۆیە پارەکە بڕیاری ناردنی لێدراوە و خەرجدەکرێت.
لە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمدا ٪١٢.٦٧ وەک پشكی هەرێم دانراوە، بەمەرجی پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان، لە بەرامبەردا بەغدا نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
شـ.فـ