بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بڕی پێنج ترلیۆن دیناریان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و تەواوکردنی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون تەرخانکردووە، کە ئەوە دەکرێت هاوکاربێت لە کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و هەلی زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت، دەشڵێت، "پێویستە حکومەت رێوشوێنەکان لەبارەی دەروازە سنورییەکانەوە توندتربکات و چالاکی بکات".
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە، چەند ئەندامێکی لیژنەکەیان لەگەڵ مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی و عەمار حەمد خەلەفی جێگری کۆبوونەتەوە، بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکاریەکانی نرخی دۆلار، دابەزینی بەهای دینار، مامەڵەکردن پێیەوە و گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی پارێزگاریکردن لە وەبەرهێنان بەشێوەیەکی دروست دەکات؛ کردووە.
لەدرێژەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، پارێزگاری بانکی ناوەندی پێشنیازی خستنەڕووی پێنج ترلیۆن دیناری کردووە بۆ بەردەوامبوون و تەواوکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و تەواوکرنی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، بەمەش دەکرێت رێژەی بێکاری کەمبکاتەوە و هەلی زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و کاریگەری گۆڕانی بەهای دینار کەمدەکاتەوە.
دەشڵێت، بەم هەنگاوە رێژەی بێکاری کەمدەبێتەوە و پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و نیشتەجێبوون دەکات و بەمەش بەرهەمی ناوخۆیی زیاددەکات و کۆت و بەندە رۆتینییەکان کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕیاردراوە سزای توندی ئەو بانکانە بدەن کە پابەندی یاسا و رێنماییەکان نابن، هاوکات، کاردەکەن بۆ کاراکردنی بەستنەوەی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی و هەردوو دەستەی گومرگ و باج لە رێگەی هێڵی ئینتەرنێتەوە.
لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلاری لە نزیکەی ١٢٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار بەرزکردەوە و ئەوەش کاریگەری کردە سەر کار و داهاتی هاوڵاتیان و کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراقی؛ بەرزترین نرخ تۆماربکات، کە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٧ هەزار و ٩٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ماوەی رابردووشدا بانکی ناوەندی بەمەبەستی جێگیرکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار چەندین جار بڕی زیاتری دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.
كـ ، ئـ