ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، وەزارەتی نەوت پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی خاوی نەوت بۆ ٨٠ دۆلاری ئەمریکی دەکات.
ئاژانسی هەواڵی عێراق لەزاری عاسم جیهادەوە رایگەیاند، گەشبینن بە بەرزبوونی نرخی نەوت، بەڵام ئەوان پشت بە جێگیری نرخەکەی دەبەستن، ئاماژەی بەوەشداوە، نرخی نەوت ٧٠ دۆلاری تێپەڕاندووە و پێشبینی دەکەن بگاتە ٨٠ دۆلاریش. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی چاوەڕوانکراو نەکرد.
لەناوەڕاستی ئەم مانگە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٧٤ دۆلار و ٢٠٠ سەنت و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بۆ ٧٢ دۆلار و ٢٣ سەنت بەرزبووەوە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، نرخی نەوت بۆ سەروو ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، کە یەکەمجاربوو لە دوای ساڵی رابردووەوە؛ کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەکارکەوتنی کارگە گەورەکانی جیهان و راگرتنی جموجوڵی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوویدا دابەزی.
لە ئازار و نیسانی ساڵی رابردووشدا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار ٢٥ دۆلار و نەوتی خاوی ئەمريکیش بۆ يەکەمجار لە مێژوودا بۆ ٣٧ دۆلار لە خوار سفرەوە دابەزی.