راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد لە پلانیاندایە شێوەی دراوی عێراقی بگۆڕن و سێ سفری سەر بەشێکی دراوەکان لاببەن، دوو مەرجیشی بۆ ئەو هەنگاوە داناوە.
مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق، پلانی سڕینەوەی سێ سفری دراوی عێراقی بۆ چاکسازی لە سیستمی پێدانی پارەی نەقدی داناوە، کە بە قسەی ئەوان ''بووەتە بارگرانی ئابوری و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دا سەپێنراوە."
باسی لەوەشکردووە، ئەم پلانەش بەشێکە ستراتیجیەتی چاکسازی لە سیستمی دراو و پارەدانی نەقدی لە وڵاتدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە توێژینەوەیەكدا کە لەبارەی دەستكاریكردنی سفرەكانی سەر دراو لە وڵاتانی دیکە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، ئەو گۆڕانکارییە بووەتەهۆی ئەوەی دراوی ئەو وڵاتانە چالاکتربێت و کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاش وەکو دواهەمین ئەزموون لە وڵاتەکە دەبینرێن.
لەبارەی مەرجەکانیشەوە رایگەیاندووە، یەکەم ئەوەیە پێویستە سەقامگیری نرخ و گەشەی ئابوری جیهان بێتەدی، جێگیری ژیانی سیاسی وڵاتیش مەرجی دووەمە.
راشیگەیاندووە، دوای بەدیهێنانی مەرجەکان دەتوانرێت سفری دراوی عێراقی لابدرێت و بچوكبکرێتەوە، لەو کاتەشدا مامەڵەکردن بەدینارەوە ئاسانتردەبێت بەجۆرێك یەك دیناری نوێ یەکسان بێت بە هەزار دینار و ١٠ دیناریش یەکسان بێت بە ١٠ هەزار.
پڕۆژهی لابردنی سفرهكان لهسهر دراوی عێراقی بڕیاربوو لهساڵی ٢٠١٤ دا جێبهجێ بكرێت، بهڵام بەهۆی هاتنی رێكخراوی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی پێنج پارێزگای عێراق لهلایهن ئهو رێكخراوهوه پڕۆژهكه دواخرا.
ئـ.مـ
هـ.ئـ