لە یەکەم رۆژی دەوامی ئەم هەفتەیەدا بانکی ناوەندی عێراق بڕی فرۆشی دۆلاری بۆ ٢٤٣ ملیۆن و ٣٨٥ هەزار دۆلار بەرزکردەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە حەوت مانگى رابردوودا.
لە پاش بەرزبوونەوەی بەهای نافەرمی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم بۆ سەروو ١٥٠ هەزار دینار، بانکی ناوەندیی بە چوار رێگا هەوڵی دابەزاندنی بەهای دۆلار دەدات.
ئەو رێگایانەش بریتی بوون لە، زیادکردنی فرۆشی رۆژانەی دۆلار و زیادکردنی پشکی دۆلاری هەفتانە بۆ بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، هاوکات پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ ئەو کەسانەی بە مەبەستی گەشت و چارەسەرى پزیشکى و خوێندن گەشتی دەرەوە دەکەن، جگە لەوەش، تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار دۆلار بۆ کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەرتاسەری عێراقدا.
بەهۆی ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندییەوە بەهای دۆلاری نافەرمی لە ماوەیەکی کەمدا دابەزینی تۆمارکردووە و چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا زیاتریش دابەزێت.