بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە بڕە پارەكەى بەغدا لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی هەرێم بكرێت، دەشڵێت، ناردنی بڕە پارەكەش لە بەرامبەر پەیوەستبوونی هەرێمە بە پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بەغدا.
ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كراوە، وەک نیازپاكییەک بەغدا مانگانە سولفەیەک بۆ هەرێم دەنێرێت، ناردنی بڕەپارەكەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی پشكی هەرێمی كوردستانە لەناو پڕۆژەیاسای بوجەی گشتیی عێراقدا.
باسی لەوەشکرد، مستەفا كازمی بەڵێنی بە مەسرور بارزانی داوە، مانگانە بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، كە تا ئیستا نازانرێت بڕەكەی چەندە، بە پێی یاسای بودجەش ئەو سولفەیەی كە رەوانەی هەرێم دەكرێت، لە مانگى یەکى ئەمساڵەوە هەژمار دەكرێت.
ئەوەشى خستەڕوو، گفتوگۆ و دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولا بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی بەغدا و هەولێر بەردەوامە، كارەكانیش بەباشی بەڕێوە دەچن، گفتوگۆكانیش زیاتر هونەرین.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، "گەشبینم کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بێت و وەک خۆی جێبەجێبکرێت."
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.
١٢ی ئەم مانگە، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت"، دەشڵێت، "بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین."
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، بودجەی عێراق پەسەندکراوە، پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.
ئاکار بەختیار