ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی وتووە، هەندێک مانگ دەبێت ئێوە پارە بۆ بەغدا بنێرن"، دەشڵێت، "رەنگە پێش هەڵبژاردن بەغدا هەندێک پارە بۆ هەرێم بنێرێت."
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی وتووە ئێمە یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ دەکەین، بەڵام ئێوە تەنها داتا دەنێرن هیچ داهاتێک رادەست ناکەن"، دەشڵێت، "وەزیری دارایی عێراق بە شاندی هەرێمی وتووە، هەندێک مانگ دەبێت ئێوە پارە بۆ بەغدا بنێرن."
هۆشیار عەبدوڵا روونیشیکردەوە، "هەرێم دەیزانی رێککەوتنەکە لەبەرژەوەندی نییە بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی نەوت بفرۆشێت رێککەوتنی ئەنجامدا، چونکە هەرێم دەیویست هەرچیەک بکات تەنها نەوت لای خۆی بمێنێتەوە و خۆیان بیفرۆشن."
راشیگەیاندووە، "هەرێم دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پارەی یەک بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ دوو بەرمیل نەوت بفرۆشێت"، دەشڵێت، "تورکیا مەلەفی نەوتی هەرێم دەجوڵێنێت و دەیەوێت لەژێر هەیمەنەی خۆی بمێنێتەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حکومەتی هەرێم پارەی لەبەردەستدایە، بەڵام نایدات بە موچەی فەرمانبەران و دەیدزن و ئەنجومەنی وەزیران مافی ئەوەی نییە لێبڕین لە موچەی فەرمانبەران بکات."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتووشییەتی، "لە هەموو بەرمیلێکی نەوتی هەرێم زیاتر لە ٤ دۆلاری بۆ کۆمپانیایەکی حزبییە"، دەشڵێت، "پارتی و یەکێتی پارەیان بۆ کەناڵەکانی خۆیان هەیە بەڵام موچەخۆران نییانە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "مەسرور بارزانی خۆی بە خاوەنی ئەم کابینەیە نازانێت"، دەشڵێت، "ئەوە کوردایەتی نییە مەلەفی نەوت بخەیتە سەبەتەی تورکیاوە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.
پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.
مانگی رابردوو، بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی داهاتەکانیان بە تەواوەتی نەگەڕاندەوە خەزێنەی حکومەت دابەشکردنی موچە دواکەوت و پەرلەمانتارەکانیان یەکتریان بە نەگەڕانەوەی داهات و درەنگ دابەشکردنی موچە تۆمەتبار دەکرد.
هۆشیار عەبدوڵا دەشڵێت، "هەندێک لایەنی ناوخۆیی کوردستان هاوکاری تورکیا دەکەن بۆ هاتنە ناو هەرێم و میدیاکانی پارتی ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆش دەکەن"، دەشڵێت، "ئەگەر پەکەکە لە قەندیل نەمێنێت تورکیا و ئێران قبوڵی ناکەن پێشمەرگە بچێتە ئەوێ."
ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنەکانی کردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان، کە بەوهۆیەوە چەندین کەس کوژراون و برینداربوون و زیان بە چەندین هاوڵاتی ناوچە سنورییەکان گەیشتووە.
بەگوێرەی وتەی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە سنوری چیای مەتینای پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک پێشمەرگە و بەوهۆیەشەوە، پێنج پیشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
٨ی ئەم مانگەش، وەزارەتی پێشمەرگە وتی، لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چەکی قەناس پێشمەرگەیەک شەهیدکراوە و پەکەکەش ئەنجامدەری هێرشەکەیە.
بەڵام چەند بەرپرسێکى پەکەکە ئەوەیان رەتکردەوە و بێئاگایی خۆیان لە هەردوو رووداوەکە راگەیاند و باسیان لەوەکرد، ئەوان تەنها لەگەڵ حکومەتى تورکیا شەڕدەکەن.
ئـ. بـ