سەردێڕ:

لەسەر موچە و بودجە؛ زانیاری نوێ هات

فۆتۆ: 
2021-06-15

26199 جار خوێندراوەتەوە

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، "حكومەتی ھەرێم ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە و ھیچ بیانوویەكی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەھێشتووەتەوە"، دەشڵێت، "ئەگەر حكومەتی عێراق پابەند نەبێت، هەرێم دەتوانێت لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆماربكات."


فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی بە ئێن ئاڕ تی وت، "حكومەتی عێراق ناچارە پابەندی یاسای بودجە بێت، چونكە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و بووەتە یاسا."

ئەوەشی خستەڕوو، "دوای خستنەڕووی ئەنجامی وردبینییەکانی لیژنەی ھاوبەشی چاودێریی دارایی ھەرێم و بەغدا و رەزامەندبوون لەسەری، ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکەوە، حکومەتى هەرێم دەتوانێت لە دادگاى فیدراڵی سکاڵا بکات و سکاڵاکەش دەباتەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٣١ی ئاداری ئەمساڵ پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەندکرا و تیایدا پشکی هەرێم بە رێژەی ١٢.٦٧% پەسەندکرا، بەگوێرەی یاساکە حکومەتی هەرێم پابەندکراوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو رادەستی کۆمپانیای سۆما بکات و  ٥٠% داهاتە نانەوتی و خاڵە سنورییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم.

پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.

مانگی رابردوو، بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی داهاتەکانیان بە تەواوەتی نەگەڕاندەوە خەزێنەی حکومەت دابەشکردنی موچە دواکەوت و پەرلەمانتارەکانیان یەکتریان بە نەگەڕانەوەی داهات و درەنگ دابەشکردنی موچە تۆمەتبار دەکرد.

ئـ. بـ