قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، حکومەت لەهەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، بەڵام هەندێک هۆکاری وەکو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ماددە خاوەکانى بەکاردەهێنرێت لەبەرهەمهێنانی بەنزین، لە دەسەڵاتی حکومەتدا نییە و بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
وتیشی حکومەت هەوڵدەدات نرخی بەنزین جێگیربکات و کوالیتییەکەشی باشتر بکات.
هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لە هەولێر لە هەندێک بەنزینخانەدا نرخی بەنزین دابەزیوە، بە جۆرێک لە بەنزینخانەکانی دیکە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە ٧٠٠ دینارە، بەڵام لە هەندێک بەنزینخانە بە ٦٠٠ یان ٥٥٠ دینارە، بەڵام شۆفێران گلەیی ئەوەیان هەیە کە کوالێتی بەنزینەکە خراپە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە، نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمدا بەرزبووەتەوە کە بە قۆناغ ئەو بەرزبوونەوەیە روویدا، بەجۆرێک، لە رابردوودا نرخی لیترێک بەنزین لە جۆری نۆرماڵ لە نێوان ٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناردا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین لەجۆری نۆرماڵ بۆ ٧٠٠ دینار بەرزبووەتەوە.
هـ.ئـ