سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق پێشبینی خۆی بۆ نرخی نەوت ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2021-06-13

5437 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق پێشبینی خۆی بۆ جێگیربوونی نرخی یەک بەرمیل نەوت لە نێوان ٦٨ بۆ ٧٥ دۆلار لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئاشکراکرد.


ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، پێشبینیدەکات لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ٦٨ دۆلار زیاتر دانەبەزێت و لە ٧٥ دۆلاریش بەرزترنەبێتەوە، بەمەرجی پابەندبوونی رێکخراوی ئۆپێک بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، چەندین پرۆژەی نوێ هەن لە نێوان عێراق و رێکخراوی ئۆپێکدا و تیایدا کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل وەک بەشێک لە پشتیوانی سەرەکی عێراق دەمێنێتەوە لە بەرهەمهێنانی هەندێک لە بەرهەمەکانی نەوت.

ئەمە لەکاتیکدایە، بەهۆی دابەشکردن و پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆناوە، جموجوڵە بازرگانییەکان دەستیان پێکردووەتەوە و بازاڕی ئابوری جیهانی بوژانەوەی بە خۆیەوە بینیووە، هاوکات لە بازاڕە جیهانیەکاندا خواست لەسەر نەوت زیادی کردووە، بەمەش نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک رۆژی هەینی نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ٧٢ دۆلار و ٦٩ سەنت، ئەمەش یەکەمجارە لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ـەوە ئەم بەرزبوونەوەیە بە خۆیەوە ببینێت.

هاوکات، نرخی نەوتی خاوی تەکساس ٦٢ سەنت بەرزبووەوە و بۆ هەر بەرمیلێک گەیشتە ٧٠ دۆلار و ٩١ سەنت، ئەمەش بەرزترین نرخە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ـەوە تا ئێستا تۆماری کردبێت.

لەلای خۆشیەوە، ئاژانسی وزەی جیهانی لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا رایگەیاند، وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانیان و رێکخراوی کۆمەڵەی ئۆپێک پلەس، بۆ ئەوەی بتوانن لە ساڵی ٢٠٢٢ بگەنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ قۆناغی پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا، دەبێت ئاستی بەرهەمهێنیانی نەوتیان بەرزبکەنەوە و خواستی جیهانی پڕبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەندامانی کۆمەڵەی ئۆپێک پڵەس بە سەرۆکایەتی روسیا و سعودییە پێویستە لە نێوان مانگی تەمموزی ٢٠٢١ تا مانگی ئاداری ٢٠٢٢ رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمبهێنن تا بگەنە ئەو ئاستە بەرزەی دەسنیشیانیان کردووە.

لە ماوەی رابردوودا، نرخی نەوت بۆ سەرو ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەکارکەوتنی کارگە گەورەکانی جیهان و راگرتنی جموجوڵی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوویدا دابەزی بوو.

ک. ئـ

هـ. ئـ